فازڵ نەبی: لابردنی سێ سفر لە دراوی عیراقی تەنها پێشنیارێكە

کوردستان 01:56 PM - 2026/08/26

بریكارێكی پێشووتری وەزارەتی دارایی عیراق ئاشكرای دەكات، تائێستا حكومەت هیچ بڕیارێكی بۆ لابردنی سێ سفر لە دراوی وڵاتەكە نەداوە و پێشنیارەكەش تەنها لە قۆناغی گفتوگۆدایە، ئاماژە بەوەش دەكات ئامانجی سەرەكیی پێشنیارەكەی عەلی زەیدی بۆ ئەو پرسە، ئاشكراكردن و گەڕاندنەوەی ئەو پارە زۆرانەیە كە لەلایەن گەندەڵكارانەوە شاردراونەتەوە.
دكتۆر فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عیراق ڕایگەیاند، بیرۆكەی لابردنی سێ سفر لە دراوی عیراقی تەنها پێشنیارێكە. هۆكاری سەرەكیی ئەم هەنگاوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بڕێكی زۆر لە دراوی چاپكراوی عیراقی لە دەرەوەی سیستەمی بانكی و لە ژێر زەوی و شوێنە جیاوازەكاندا شاردراوەتەوە و گەندەڵكاران ئامادە نین پارەكان بگەڕێننەوە. بەو پێیەی سەرۆك وەزیرانیش دەسەڵاتی تەواوەتی نییە بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵكارە گەورەكان، دەیەوێت لە ڕێگەی گۆڕینی دراوەكەوە ئەو پارانە بەتاڵ بكاتەوە، چونكە خاوەنەكانیان ناتوانن ئەو بڕە زۆرە لە دراوی كۆن بگەڕێننەوە بۆ بانكەكان بەمەبەستی گۆڕینەوەی. لەبارەی ئەگەری جێبەجێكردنی بڕیارەكەوە، فازڵ نەبی ڕوونیكردەوە ئەستەمە حكومەتی عیراق ئێستا هەنگاوێكی لەو شێوەیە بنێت بەهۆی ئەوەی بەهای دیناری عیراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی تا ڕادەیەك جێگیرە و ڕێژەی هەڵئاوسانیش لە وڵاتەكەدا كەمە، لەكاتێكدا ئەو وڵاتانەی پەنا بۆ لابردنی سفری دراو دەبەن، ڕێژەی هەڵئاوسانیان لە سەروو سەدا سەدەوەیە..
سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانیش، سەرەڕای ئەوەی گەنجینەی دەوڵەت لە ماوەی ڕابردوودا تەنها یەك ترلیۆن دیناری تێدابووە و حكومەت بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكان پێویستی بە قەرزكردن هەیە، فازڵ نەبی دڵنیایی دەدات كە پارەی مووچەكان تا كۆتایی ساڵ دەستەبەر كراوە. بانكی ناوەندی لە ڕێگەی یەدەگەكانی خۆی و دەركردنی قەواڵەی حكومییەوە پشتیوانیی دابینكردنی مووچە دەكات. ئەو دواكەوتنانەشی كە هەن كێشەی تەكنیكی و كاتین، و بەهیچ شێوەیەك مەترسیی فەوتانی مووچەی هیچ مانگێك نە لەسەر هەرێمی كوردستان و نە لەسەر عێراق بوونی نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو