حاڵەتێكی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە دهۆك تۆماركرا

کوردستان 10:36 PM - 2026/08/13

حاڵەتێكی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە شاری دهۆك تۆماركرا، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ئێستا تووشبووەكە لەژێر چاودێری پزیشكی لە نەخۆشخانە خەوێنراوە و چارەسەر وەردەگرێت.

بە وتەی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تووشبووەكە گەنجێكی تەمەن 23 ساڵە، دانیشتووی گوندی بازێیە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهۆی بەركەوتەی ئاژەڵی تووشبوو، دوای سەردانی نەخۆشخانە لەشاری دهۆك و گومانلێكردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەكانی، چەندین ڕێكاری دەستنیشانكردن و پشتڕاستكردنەوە و چارەسەری پزیشكی بۆ گیراوەتەبەر، ئێستا لەژێر چاودێری پزیشكی لە نەخۆشخانە خەوێنراوە و چارەسەر وەردەگرێت و باری تەندروستی تائێستا جێگیرە.

وەزارەتی تەندروستی، داوا لە هاووڵاتیيان دەكات، لەسەر جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بەردەوام بن.

دەشڵێت، لەكاتی بوونی گومان و نیشانەكانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەكانی ڤێتێرنەری ئاگاداربكەنەوە و هاووڵاتییانی بەركەوتووانی بەخێوكردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەكانی ئاژەڵ لەكاتی بوونی هەر نیشانەیەكی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن بێ دواكەوتن.

وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستووەتەڕوو، تائێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێكراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشكنین بۆ گومانلێكراوانی ئەمساڵ لەماوەی ڕابردوو، دەرئەنجام تەنها سێ حاڵەت دەسنیشانكراون و پشتڕاستكراوەتەوە جگە لە دوو حاڵەتی تری شارەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە بۆ چارەسەری هاتوونە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو