سوپاسالاری ئەمریكا داوای ڕێگەیەك بۆ كشانەوە لە جەنگی ئێران دەكات

عیراق 10:01 AM - 2026/08/08

جەنەڕال دان كەین، سەرۆكی دەستەی سوپاسالاری هاوبەشی سوپای ئەمریكا، لە كۆبوونەوە نهێنییەكانیدا لەگەڵ راوێژكارە باڵاكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندووە، پێویستە واشنتۆن رێگەیەك بۆ كشانەوە و كۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران بدۆزێتەوە.

كەین هۆشداری داوە كە بژاردە سەربازییەكان بۆ زیادكردنی گرژییەكان رەنگە ئەنجامی پێچەوانەیان هەبێت‌و هێزی ئاسمانی بەتەنیا ناتوانێت ئامانجەكانی ترەمپ بپێكێت.

كەناڵێ (سی ئێن ئێن)ی ئەمریكی لە زاری سێ‌ سەرچاوەوە بڵاویكردووەتەوە، دان كەین لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای كابینەكەی ترەمپ، لەوانە جۆن راتكلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە‌و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا باسی لە نیگەرانییەكان كردووە‌و رایگەیاندووە، جەنگ گەیشتووەتە رێڕەوێكی مەترسیدار و پێویستە رێگەیەك بۆ دەرچوون بدۆزرێتەوە.

ئەم جەنەڕاڵە باڵایەی ئەمریكا مانگی رابردوو بە ئاشكرا لە بەردەم كۆنگرێس رایگەیاند: هێزی ئاسمانی سنووری خۆی هەیە. ئەم قسەیە لە كاتێكدایە كە دۆناڵد ترەمپ زیاتر مەیلی بۆ بۆردوومانی ئاسمانی هەیە و نایەوێت هێزی زەمینی رەوانەی ئێران بكات، بەڵام كەین و راوێژكارانی تر پێیان وایە تەنیا بۆردوومان ناتوانێت ئێران ناچار بكات بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.

ئەو سەرچاوانەی كە قسەیان بۆ سی ئێن ئێن كردووە دەڵێن، دان كەین هەوڵ دەدات لە لایەكەوە متمانەی ترەمپ بپارێزێت‌و لە لایەكی ترەوە راستییە تاڵە سەربازییەكانی پێ بڵێت. دان كەین بە ترەمپی وتووە ئەگەر بڕیاری هێرشی گەورە بدات، سوپای ئەمریكا دەتوانێت وێرانكارییەكی گەورە لە ئێران دروست بكات، بەڵام ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەمە نابێتە هۆی كۆتاییهاتنی جەنگەكە بەو شێوەیەی ترەمپ دەیەوێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو