ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی و لە نوێترین گەڕان و پشكنیندا دەستبەسەر 13 ملیار دینارو 45 كیلۆگرام زێڕی تردا گیراوە. تا ئێستاش كۆی گشتیی زێڕە دەستبەسەرداگیراوەكانی ئەو لێپرسراوە گەیشتووەتە 407 كیلۆ گرام.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێدا روونیكردووەتەوە، دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخی دووەم كە تایبەتە بە دۆسیەكانی دەستپاكی و سپیكردنەوەی پارە، وردەكاریی نوێی لەبارەی دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری پاڵاوتن ئاشكرا كرد و رایگەیاند، لە چەند شوێنێكی جیاوازی پارێزگای سەڵاحەددین دەست بەسەر 13 ملیار دیناری عیراقی و 400 هەزار دۆلاری ئەمریكیدا گیراوە كە شاردرابوونەوە.
راشیگەیاندووە، هەر لە چوارچێوەی دۆسیەكەی عەدنان جومەیلیدا، دادگا دەستی بەسەر 40 پارچە زێڕی قاڵبدا گرتووە، كە كێشی هەر دانەیەكیان یەك كیلۆگرامە، لەگەڵ پێنج كیلۆگرام زێڕی تر، كە بە شێوەی خشڵ و ملوانكە بوون.
جگە لەو دۆسیەیەش دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخی دووەم ئاشكرای كرد، رۆژی چوارشەممە، دادگاكەیان توانیویەتی ملیارێك و 143 ملیۆن و 847 هەزار دینار لە تاوانیارێكی گەندەڵی دارایی وەربگرێتەوە.
ئەو دادوەرە تەئكیدی كردووەتەوە، لێكۆڵینەوە و راوەدوونانی ئەو كۆمپانیا سەرپێچیكارانەی رێگەی نایاساییان بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی عیراق بەكارهێناوە، بەردەوامە.
لە سەردەمی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی، عەدنان جومەیلی بریكاری وەزیری نەوت بوو بۆ پاڵاوتن، رۆژی 30ی ئایاری ئەمساڵ لە پارێزگای سەڵاحەدین بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركرا. لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی بڕێكی زۆر پارەی كاش و زێڕ لە دەرەوەی بانكەكان و لە شوێنی نادیاردا دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەپێی راگەیەندراوەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، كۆی گشتی ئەو پارە و موڵكانەی لە دۆسیەكەی جومەیلیدا دەستی بەسەرداگیراوە بریتییە لە زیاتر لە 180 ملیار دینارو زیاتر لە 24 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، هەروەها 407 كیلۆگرام زێر، ئەوە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی، 16 باڵەخانەی بازرگانی و سێ كارگەی ئارد كە بەهای خەمڵێنراوی ئەو موڵكانە نزیكەی 70 ملیار دینارە.