سوپای پاسداران: كەشتیەكی نەوتهەڵگر تەقیەوە

عیراق 11:03 AM - 2026/07/23

كەشتییەكی نەوتهەڵگر كە هەوڵی بەزاندنی ئەو ڕێڕەوە ئاوییەی دابوو كە لە باشووری گەرووی هورمز دیاریكراوە، مینێك پیایدا تەقییەوە‌و ئاگرێكی گەورەی لێ بەرزبووەوە .
سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، سێ كەشتی هەوڵی بەزاندنی ئەو ڕێگە مینڕێژكراوەیان دا كە لە باشووری گەرووی هورمز هەیە  و بەهۆیەوە كەشتیەكی نەوتهەڵگر  بەر مینێك كەوت و تەقیەوە، دوو كەشتیەكەی تریش پاشەكشەیان كردوو لەو رێڕەوە مینڕێشكراوە دوور كەوتنەوە، لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، هەر كەشتییەك هەوڵی تێپەڕاندنی گەرووەكە بدات بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران رووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبێتەوە. سوپای پاسداران  تەئكیدیشی كردووەتەوە، هێزە دەریاییەكانیان كۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز دەكەن و گەرووەكە بە داخراوی دەمێنێتەوە تا ئەوكاتەی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی كردەوە دوژمنكارییەكانی، هاوكات ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بەوەی هەڕەشە لە ئاسایشی دەریایی و وزەی جیهانی دەكات و  داواش لە واشنتۆن دەكات دەستوەردان لە ناوچەكە رابگرێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە، سەرچاوەیەكی سەربازی ئێران لێدوانەكانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكای سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز رەتكردەوە و دووپاتی كردەوە كە گەرووەكە بە داخراویی ماوەتەوە‌و بانگەشەكانی سێنتكۆم سەبارەت بە كۆنتڕۆڵ نەكردنی ئێران بەسەر گەرووەكەدا بێ بنەمایە. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو كە بەڕێوەبردنی هاتوچۆی دەریایی لەم ڕێڕەوە ستراتیژییە دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئێران.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو