نووسینگەی سیستانی: باری تەندروستی رێگە نادات ئایەتوڵا نوێژ لەسەر تەرمی خامنەیی بكات

عیراق 10:12 AM - 2026/07/07

مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییەوە بەشداری لە مەڕاسیمی ماڵئاواییكردن لە رابەری پێشووی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ناكات و زانایەكی تری ئایینی بۆ ئەنجامدانی نوێژی مردوو لەسەر تەرمەكە راسپێردراوە.

محەممەد رەزا سیستانی، كوڕی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق ڕایگەیاند، ئایەتوڵا عەلی سیستانی بەشداری لە مەڕاسیمی ماڵئاواییكردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای پێشووی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە نەجەف ناكات. لە راگەیەنراوی نووسینگەی مەرجەعی باڵادا هاتووە، هەرچەندە مافی سیستانی بوو كە نوێژ لەسەر تەرمەكە بكات، بەڵام باری تەندروستی رێگەی پێنادات ئەو كارە ئەنجام بدات. زانیاریی میدیا عیراقییەكانی نزیك لە مەرجەعییەت ئاشكرایانكردووە، بەهۆی ئامادەنەبوونی عەلی سیستانی، "محەمەد تەقی حەكیم" كە یەكێكە لە زانا دیارەكانی ئایینی، بە نوێنەرایەتی مەرجەعی باڵا نوێژی مردوو لەسەر تەرمی خامنەیی دەكات.

ئایەتوڵا عەلی سیستانی، لە ساڵی 1930 لەدایكبووە و تەمەنی 96 ساڵە، وەك گەورەترین مەرجەعی ئایینی شیعەكان لە عیراق و جیهان دەبینرێت. پێگەی سیستانی تەنها لە چوارچێوەی مەرجەعییەتی ئایینی و رێنمایی فەقهیدایە و هیچ پۆستێكی سیاسی یان سەربازی لە عیراقدا نییە، ئەوەش جیاوازە لە پێگەی رابەری باڵا لە ئێران كە تێیدا مەرجەعییەتی ئایینی و سەركردایەتی سیاسی و سەربازی لە یەك كەسدا كۆدەكرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو