ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دۆسیەی نەوت و داهاتی ناوخۆ تاوتوێدەكات

کوردستان 10:42 AM - 2026/06/10

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان،لە  چوارەم كۆبوونەوەی خۆی لەمساڵدا، دۆسیەی نەوت، داهاتی ناوخۆو میكانیزمێكی نوێ بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ خستۆتە سەر مێزی گفتوگۆ و تاوتوێیان دەكات.

بەپێی كارنامەی دانیشتنەكە، تەوەری سەرەكی گفتوگۆكردنە لەسەر داڕشتنی نەخشە رێگایەك بۆ بەردەوامیدان بەدانوستانەكان لەگەڵ كابینەی وزاریی نوێی حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بەدۆسیە هەڵپەسێردراوەكان.

هەروەها پێشنیارێك بۆ دروستكردنی دەستەیەكی باڵای وزاریی هەماهەنگی هەمیشەیی، لەنێوان هەولێرو بەغداد دەخرێتەڕوو، كە ئامانج لێی دابینكردنی میكانیزمێكی بەردەوامە بۆ بەدواداچوونی رێككەوتنەكان. لەبڕگەیەكی تری كۆبوونەوەكەدا، دواین پەرەسەندنەكانی دۆسیەی نەوت تاوتوێ دەكرێن.

بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ لەكۆبونەوەكەدا، دەرئەنجامی دواین كۆبوونەوەی وەفدی  هەرێم و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق كە لەسێی حوزەیران بەڕێوەچوو، بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوو.یەكێكی تر لە پرسە گرنگەكان، خستنەڕووی خشتەی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانە.

لەم تەوەرەدا باس لە كاریگەرییەكانی دۆخی ناوچەكە و یەكلایی نەكردنەوەی دۆسیەی ئەسیكۆدا دەكرێت، كە بووەتە هۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی داهاتی گشتی و كاریگەری نەرێنی لەسەر دابینكردنی مووچە دروستكردووە. ئەم بابەتانە لەلایەن وەزیرانی دارایی، سامانە سروشتییەكان و ئەندامانی وەفدی  دانوستانكارەوە دەخرێنەڕوو.

سەبارەت بە رێكخستنی كۆبوونەوەكان، داتاكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەمە تەنیا چوارەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانە لە پێنج مانگی رابردوودا. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، دەبوو تا ئێستا 20 كۆبوونەوەی هەفتانە ئەنجام بدرایە، بەڵام تەنیا لەڕێكەوتەكانی 14ی كانوونی دووەم، 11ی شوبات و 25ی شوبات كۆبوونەوە كراوە.

ئەم سستییە لەساڵی رابردووشدا هەبووە، كە تەنیا 26 كۆبوونەوە ئەنجامدراون لەكاتێكدا بەپێی یاسا دەبوو 47 كۆبوونەوەی ئاسایی بكرایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو