وەفدێكی كشتوكاڵی هەرێم بۆ زیادكردنی رێژەی وەرگرتنی گەنم دەچێتە بەغداد

کوردستان 11:23 AM - 2026/06/03

بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەفدێكی باڵای وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و زیادكردنی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بچێتە بەغداد.
هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو راگەیاند، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا وەفدێكی باڵا بە سەرۆكایەتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ سەردانی بەغداد بكات. بە وتەی هیوا عەلی ، ئێستا تەواوی ئامادەكارییەكان كراون و تەنیا چاوەڕێی وەڵامی رەسمی حكومەتی عیراقن بۆ دیاریكردنی كات و وادەی كۆبوونەوەكان.وتەبێژی وەزارەتی گكشتوكالی هەرێم باسلەوەشدەكات ، هەرچەندە گفتوگۆكان بوارەكانی ئاو، كشتوكاڵ و رۆژمێری كشتوكاڵی دەگرێتەوە، بەڵام تەوەری سەرەكی و هەرە گرنگ بریتی دەبێت لە كێشەی گەنمی جوتیاران. وەفدی  هەرێم هەوڵ دەدات لێپرسراوانی بەغداد رازی بكات بۆ ئەوەی بڕی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەو بڕەی پێشتر دیاریكراوە زیاتر بكرێت، تا ماندووبوونی جوتیاران بەفیڕۆ نەچێت.
بە وتەی هیوا عەلی ، وەزارەتەكە راپۆرتێكی ورد و پڕ لە داتای ئامادەكردووە بۆ ئەوەی لە بەغداد بیخاتە ڕوو. لەم راپۆرتەدا  تەئكید كراوەتەوە كە هەرێمی كوردستان سەرچاوەیەكی سەرەكیی ئاوی عیراقە و خاوەنی زەوییەكی بەپیت و پلەی گەرمایەكی گونجاوە بۆ كشتوكاڵ، بۆیە پێویستە حكومەتی فیدراڵ وەك سەبەتەیەكی خۆراكیی گرنگ لە ناوچەكە بڕوانێت و پاڵپشتیی زیاتری بەرهەمە ناوخۆییەكانی هەرێم بكات.جگە لە پرسی گەنم، وەفدەكە چەندین دۆسیەی تری گرنگ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە عیراق تاوتوێ دەكات. پرسی دابەشكردنی ئاو و یەكخستنی رۆژمێری كشتوكاڵی لە نێوان هەرێم و بەغداد بە جۆرێك كە پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی بكات و رێگری لە هاوردەكردنی كاڵای دەرەكی بكات لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی.



بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو