ترەمپ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی راگەیاند

عیراق 09:47 PM - 2026/05/29

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە سەكۆی (تروپ سۆشیال) دەقی ئەو مەرج و بنەمایانەی بڵاوکردەوە کە پێویستە لەگەڵ ئێراندا لەسەری رێکبکەون، بۆ ئەوەی کۆتایی بە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات بهێنرێت.
ترەمپ مژدەی کۆتاییهێنان بەگەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی داو رایگەیاند، "ئەو کەشتییانەی بەهۆی گەمارۆ دەریاییە بێوێنە و سەرسوڕهێنەرەکەی ئێمەوە لە گەرووەکەدا گیریان خواردبوو، کە ئێستا هەڵدەگیرێت، دەتوانن دەست بە پڕۆسەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بکەن".
ترەمپ ڕایگەیاند، "دەبێت ئێران بەڕەسمی ڕازی بێت کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی یان بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت و بۆ هەمیشە دەستبەرداری ئەو خەونە ببێت."
سەرۆکی ئەمریکا داوای کردنەوەی دەستبەجێی گەروی هورمز دەکات بۆ هاتوچۆی ئازادی کەشتییەکان بە هەردو ئاراستەدا، بەو مەرجەی هیچ جۆرە سەرانە، باج یان ڕەسمێکی تێپەڕبون لە کەشتییەکان وەرنەگیرێت.
پەیامەکە جەخت لە پاککردنەوەی گەروەکە لە مینە چێنراوەکان دەکاتەوە؛ ترەمپ دەڵێت، "ئەمریکا زۆربەی مینەکانی تەقاندوەتەوە و دەبێت ئێرانیش دەستبەجێ ئەو مینە کەمانەی کە ماونەتەوە لایانببات یان بیانتەقێنێتەوە".
سەبارەت بە پاشماوە ئەتۆمییەکان، سەرۆکی ئەمریکا زانیارییەکی هەستیاری ئاشکرا کرد و ئاماژەی بە ماددە پیتێندراوەکان کرد کە هەندێک جار بە "تۆزی ئەتۆمی" ناویان دەبرێت. ئەو روونیکردەوە کە ئەم ماددانە لە قووڵایی زەویدا و لەژێر ئەو چیایانەدا نێژراون کە بەهۆی هێرشی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی (B-2)ی ئەمریکاوە لە 11 مانگی رابردوودا بەسەریدا داڕووخان.
ترەمپ لەم بارەیەوە وتی، "ئەمریکا بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئەو پاشماوانە دەردەهێنێتەوە و لەناوی دەبات."

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو