کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وەزارەتی ناوخۆ چەند رێكارێكی دژی بەكارهێنانی چەكی بێ مۆڵەت دەركرد

.

02:37 PM - 10/02/2019

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێك لەبارەی داماڵینی چەك دەردەكات و بەپێی نووسراوێكیش دەست بەسەر چەكە بێ مۆڵەتەكان دادەگیرێت كە لەلایەن ھاووڵاتیانەوە ھەڵدەگیرێت.

لە نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ ھاتووە: "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6)ی ساڵی 2009 و بەپێی یاسای چەك ژمارە (16)ی ساڵی 1993، بە مەبەستی نەھێشتنی دیاردەی چەكداری بە تایبەت چەكی قورس و مام ناوەند و ھێشتنەوەی ئەو چەكانە تەنھا لە دەست ھێزە چەكدارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیارماندا بە:

1- داماڵینی گشت چەك و تەقەمەنی جگە لە دەمانچە و كلاشینكۆف.

2- دەست بەسەرداگرتنی ئەو چەكە بێ مۆڵەتانەی كە لەلایەن ھاووڵاتیان ھەڵدەگیرێت و گرتنەبەری رێكاری یاسیی بەرامبەریان.

3- لە سەنتەری ھەر پارێزگا و قەزا و ناحیەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس و ئاسایش بنكەی كۆكردنەوەی ئەو چەكانەی رادەست دەكرێن یان دەستی بەسەردا دەگیرێت كۆدەكرێنەوە و لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە جەرد دەكرێن و رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێن.

4- لە رێگای دەزگاكانی راگەیاندن ئاگاداری گشت ھاووڵاتیان دەكرێت ئەوانەی دەمانچە و كلاشینكۆفی بێ مۆڵەتی ھەیە لەو بنكانە تۆماری بكەن و ئەو چەكانەی كە لە بڕگەی (1)ی سەرەوە ئاماژەی پێكراوە رادەستی بكەن.

5- ئەم بەیانە لە رۆژی دەرچوونی كاری پێدەكرێت بۆ ماوەی 6 مانگ.

6- دوای كۆتای ھاتنی ئەو ماوەی كە لە بڕگەی (5)ی سەرەوە دیاری كراوە ھەر چەكێك دەستی بەسەردا بگیرێت خاوەنەكەی بەپێی یاسای چەك رەوانەی دادگا دەكرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە