کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

شاجوانەکەی خانەقی

.

06:34 PM - 27/04/2024

عیماد ئەحمەد

 

 لە مناڵیەوە بە مەقامی ئەڵوەن، ئای ئەڵوەنەکەی، خوداداد عەلی مێشکم زاخاو دراوە کە گەوهەری دایکم بەردەوام بە دەنگە نازک و غەمگینەکەی بۆی دەچڕیم.

لە ژورێکی قور و دارەڕا و بێ پەنجەرە و بێ کاربای خانوەکەی مام فەتحولڵا کرێچی بوین ، ئێواران سەرم ئەخستە سەر ڕانی دایکم بە سەدای دەنگی پەری ئاسای ئەو کە ئەڵوەن ئای ئەڵوەنی بۆ دەگوتم خەوم لێدەکەوت! 

قەت لە بیرم ناچێتەوە قژە رەش و خاوەکەی دایکم کە وەکوو تاڤگەی ئاوریشمی شۆردەبووە سەر دەموچاوم و بەدەنگە ئۆپێراویەکەی منی نوقمی خۆشەویستی خۆی و جەلەوە و ئەڵوەن دەکرد.

لە مێرمنداڵیمدا جارێک لە جەژنی ڕەمەزاندا لەو بەری ئەڵوەندا و لە نزیک کۆپری گەورە گوێم لە دەنگی خوداداد عەلی بوو ، کەواو سترەی قاوایی لەبەربوو ، مشکی بەستبوو  ، عەینەکێکی رەشی گەورەی لەچاو بوو، مەقامی ئەڵوەن ئای ئەڵوەنی دەچری لەو سەردەمەدا لای من دەنگی دایکم لە دەنگی خۆشتر بوو.

خوای گەورە بە رووبار وەسفی جوانی بەهەشت دەکات و ئاوی زەمزەمیش بۆ شیفا ناوبانگی دەرکردووە .ئاو سەرچاوەی ژیانە، پێش ئادەمیزاد ئاو هەبووە بە کۆتایی ئاویش ژیان لەسەر زەمیندا نامێنێ. 

لە کوردستاندا پێنج روباری سەرەکی هەیە بەناوی :  خاپور- زێی گەورە- زێی بچوک - سیروان- ئەڵوەن. 

ئەم رووبارانە بونەتە سەرچاوەی ئاوەدانی لە کوردستاندا  ڕەنگە هەر ئەوانیش بون ، ناچاری مرۆڤی کوردیان کردوەلە سەر شاخ بێنەخوارەوە بەڵام بەداخەوە هەندێکمان تائێستاش عەقڵمان هەر لەسەر شاخ ماوەتەوە سەرەرای ئەوەی لە دەوروبەری روبارەکاندا دەژین !

سیروان و ئەڵوەن دوو روباری ناوچەی گەرمەسێرن تینوێتی ئەرزی گەرمیان دەشکێنن و ئاوهەواکەی  خۆش دەکەن ، بوونەتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ ناوچەکە. سەدان کەس لە بەر بایەخ و خۆشەویستی، ناوی سیروان و ئەڵوەنیان هەڵگرتووە..بۆ من سیروان تالەبانی شەهید  سەرقافڵەی ئەو ناوانەیە. 

بێگومان ئەڵوەن لە دێر زەمان و پێش خانەقیش هەبووە و یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی دروستبوونی شاری خانەقی.

 ئاوی ئەڵوەن لە شاخی زاگرۆسی ناوچەی کرماشانەوە  و لەکانیاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوە دەگرێت تا دەگاتە سەرپیڵی زەهاو  و قەسری شیرین بەرەو خانەقی دێت لە تەنشت هەردوو دێی کارێز و تەفرەقە و ئاغاو خەلیفە و جەلەوە ودێی عالیاوە و باجەڵان  شۆر دەبێتەوە ناو روباری سیروان لە حەلوان و روباری دیالە پێکدێنن و  دەچنە ناو روباری دیجلەوە کە یەکێک لە دوو روبارە گەورەکەی عیراقە.

درێژی روباری ئەڵوەن نزیکەی (١٥٠)کێلومەترە، دوو پردی سەرەکی لە سەر ئاوی ئەڵوەن بوو بەناوی جسر الأخضر و کۆپری گەورە و پردی سێهەمیش لەم ساڵانەی دواییدا  دروستکرا لە تەنیشت  ئاغا و خەلیفە، 

ساڵانە لە کۆتایی بەهار شارەوانی خانەقی پردێکی کاتی بە بەرمیل و دار و تەختە و چینکۆ لە نێوان بان ئەڵوەن و سەرای کۆن دروست دەکرد لە کۆتایی پایزیش هەڵیدەگرت ، بێجگە لە پردە ئاسنینەکە لە هەمان شوێن بوو ، لافاو بردی.

ئەڵوەن شاری خانەقی دەکاتە دوو بەشەوە بە شەو وەکوو زێر و بەرۆژیش وەکوو مرواری شارەکە دەرازێنێتەوە 

جەلەوە و ئەڵوەن ئاوێتەی یەکن، لە سەرەوە لای کۆپری گەورە و لە دەستی راستەوە  ئەڵوەن شان بەشانی جەلەوەیە و بان ئەڵوەنیش دڵگیرترین شوێنی خانەقیە 

لە هاویناندا لە سەربان دەخەوتین،بە هاژەی ئەڵوەن و بۆنی باخەکان و سەمای ئەستێرەکان خەومان لێدەکەوت و بەیانیان زووش بە تیشکی ئاوریشمی خۆر بە خەبەر دەهاتین!

نازانم باسی چی بکەم ..؟ باسی ترسی باوەگەزی یان خلسکێنەی سەر تافایی ژێر کۆپری گەورە و یان چاوە قرژاڵیەکەی ئاوی ئەڵوەن بکەم ..؟مەحالە بتوانم لە بیرەوەریەکانمدا ئەڵوەن لە جەلەوە جیابکەمەوە 

لای من جەلەوە چەند جوان بێت ،ئەڵوەن جوانتر و زیندوتری دەکات.لە قەراخی ئەڵوەنی بەری جەلەوەدا هەندێ درەخت و چیمەنی خۆرسک هەبوو ،گەنجەکان لەوانە خاڵەکانم سەعدوڵا و ئەنوەر و مامۆستا موحسین لە خوارەوەی جەلەوە لە قەراخی ئەڵوەندا کەپریان بە قامیش و زەل و حەسیر دروست دەکرد  بۆ نەجات بون لە گەرماو و تێر بون لە جوانی ئەڵوەن. 

ئای ئەڵوەن بۆ هەندێ جار دڵرەق و بێ بەزەیی بویت و ژمارەیەک لە گەنجی شارەکەمت نوقمی عەدەم کرد و کردتن بە قوربانی باوەگەزی؟!

ئەڵوەن بەتایبەتی لە بەهاران توڕە دەبوو ، لافاوی هەڵدەساند و ئاو دەگەیشتە لای دەرگای ماڵەکانی بان ئەڵوەن و رێگاکان دادەخرا  

لە ساڵی (١٩٧٩) ئەڵوەن لافاوێکی گەورەی و بە شەختە و بەفرەوە هێنا ، ژمارەیەکی زۆری ماسی گەورە کەوتنەسەر ئاو لە دوای کۆتایهێنانی  لافاوەکە ماسیەکان لە قەراخی ئەڵوەن جێمان و بون بە نسیبی خەڵکی جەلەوە و داهاتێکی باش بوو بۆ هەندی خەڵکی هەژار کە تا ئێستاش هەر باسی ئەو رۆژە و ئەو لافاوە دەکەن!

لە هاویندا لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو   بە فەرمانی قایمەقامی خانەقی چەند جار ژمارەیەک بلدۆزەر و شۆڤڵ و گرێدەر و حادیلە رێرەوی ئاوی ئەڵوەنیان فراوانتر دەکرد بەتایبەتی لە خوارەوە و لەنێوان جەلەوە و عەبدوڵا بێگدا  کەمپەکەیان لە گۆرەپانی قەسرەکە بوو نزیک بان جەلەوە، ئێمەی مناڵان سەرسام بوین بە گەورەیی و هێزی ئەم مەکینانە . 

ئەڵوەن بێجگە لە ژیاندنی باخ و بێستانەکانی خانەقی ، سەرچاوەی راوکردنی ماسی بوو لە شارەکە بە گشتی و جەلەوە بەتایبەتی

لەگەڵ کاک حوسیەن مەلا عەلی برادەرم زۆر جار ،ئیواران بە یەکەوە راوەماسیمان دەکرد  ئەو بە تۆر راوی دەکرد منیش بەردەستیم دەکرد و ماسیەکانمان دەبرژاند لە کەناری ئەڵوەن بۆ ژەمێکی ئێواران ، برادەرانیتریش ئەبون بە میوانمان ، تا درەنگانی شەو بە رووناکی ئاگر و قسەوباسی رۆژگار کاتەکەمان بەسەر دەبرد. داخەکەم بۆ بەسەرچونی ئەو رۆژگارە کە هەموو شتێک پاک و بێگەرد و پر خۆشەویستی بوو. هەروەها دیمەنی ئەڵوەن و باخەکان و ئاسمان و ئەستێرەکان جوانی دەباراندە سەر گەشتەکەمان ...!! 

راوکەرە ناسراوەکانی خانەقی لەو سەردەمەدا  ،ئەمانە بون : مورشیدە لە گەرەکی تێلخانە و رەفاو لە گەرەکی عەبدوڵابێگ وسکە لە جەلەوە 

مورشیدە و رەفاو بە تۆر و بە رێگەی ژەهرێکی تایبەتەوە راوەماسییان دەکرد ، لە بازای خانەقی دەیانفرۆشت و جاروباریش بۆ راوکردنی ماسی ئەرۆیشتن بۆ سەر روباری سیروان و چەند رۆژێک ئەمانەوە.

خاڵو وسکە ناوی حوسیەن و خەڵکی مەندەلی بوو بە تەنها لە خانوەکەی خاڵو مەهدی نوربانو لە ژورێک کرێچی بوو . پیاوێکی کورتە باڵا ، سپی و سور ، قژ زەردو تەنک ، لوت باریک ، چاو وبرۆ کاڵ ، دشداشەی لە بەر دەکرد ، قایشێکی نیوچەباریک لە ناوقەدی دەبەست .ئەم راوکەرە زۆر بەسەبر بوو بە سەعات بەدیار قولابەکەیەوە دادەنشت لە کەنار ئەڵوەندا بۆ راوکردنی ماسی .چاوەکانی قەتیس دەبووە سەر پەتی نایلۆنی قولابەکە  و هەستیشی لای کلکەمژە و ئەسپێکوژەی دەستی راستیەوە بوو ئایە ماسی بە قولابەکەیەوە بوو یان نەء ؟خواخوای بوو کەس فرسەتەکەی لەدەس نەدات بە شڵەقاندنی ئارامی ئەڵوەن بە مەلەکردن یان پەرینەوە لە ئاوی ئەڵوەندا  . وسکە ئەگەر ماسیەکی گەورەی راوکردبا ئەیفرۆشت بە دارندەکان بۆ دابینکردنی ژیانی رۆژانەی خۆی و ئەگەر  بچوکیش بوایە ئەیکردە ژەمێکی خواردنی خۆی .

جارێک لە تەنشتی خاڵو وسکە دانشتبوم لە قەراخ ئاوەکە و نزیک دوکانەکەی سولەیمان ئەو خەریکی راوەماسی بوو منیش لە دونیای خەیاڵی منداڵیمدا بووم ،سەیری تک تک عارەقی سەر سەری روت و ناو چاوانی سور و سپی خاڵو وسکە دەکرد ، هەردوو دەستم واڵا کردبووە سەر ڕانم و نزاو دوعام دەکرد کە ماسیەکی بزە ببێت بە دەم قولابەکەی خاڵو وسکەوە. وا لە مالەوە گۆشکرابوم کە نزا و دوعای منداڵ لای خوا گیرایە،لە پرا خاڵو وسکە سەیری کردم وتی : رۆڵە ئەوە خەریکی چیت..؟ وتم داوا لە خدری زیندە دەکەم ماسیەکی گەوەرە بکات بە قولابەکەتەوە ، وتی کورم خەیاڵت رەحەت بێت خوا بەیانیانی زوو لە رێگای میکائیلەوە رزقی رۆژەکە دابەش دەکات ، میکائیلیش لە ئاست ئێمەوە کەڕ بووە هیچ لە فەرمانەکانی خوا نابیسێت و کەسیتریش ناتوانێت دەسکاری دابەشکردنەکەی خوا  بکات! . 

ئەو رۆژە هیچ نەبوو بە نسیب وسکە بۆیە بە نائومێدی گەرایەوە ژورەکەی ، منیش بە دڵشکاوی چومە ماڵەوە ، ئەو شەوە لە خەوما بینیم خاڵو وسکە بە جلێکی سپی و دەم بەخەندە و خۆشی و ئاسودەوە  خەریکی راوە ماسییە لە روبارەکەی ناو بەهەشتدا و ماسیەکی زۆر بە قەد بالا و شێوەی وێنەی کچە کافرۆشی سەر دوڵابەکەی دایکم دەوریانداوە  !

ئەم خەونەم بۆ میم هاجەری دراوسێمان گێرایەوە  وتی: کورم عیماد ،خەونەکەت خێرە و ئینشەڵا کە گەورە بویت لەم خەونە تێدەگەی!

ئەگەر ماوەیەک ، راوەماسیەکەی داهاتی نەبوایە خاڵو وسکە دەستی دەکرد بە فرۆشتنی شتەکانی خۆی رۆژێک بە فەوزیە میران دەڵێت : ئەری فەوزیە شەواڵێکی تازم هەیە بۆ نازمی برات نایکڕی؟ ئەویش ئەڵیت : خاڵو وسکە کەس شەواڵی کەسێکی دیکە لە بەر دەکات تا من بۆ نازمی برام بیکڕم؟!

بەداخەوە دوا رۆژەکانی خاڵو وسکە زۆر تراجیدی بوو ، ژورەکەی جێهێشت و بە تەنشت دوکانەکەی سولەیمان بە بێ کەسی کەوتەسەر جێگا  ، خەڵکی جەلەوە بون بە یارمەتیدەری و عزرائیل بە ڕاوکەری  و مەرگیش بوو بەفریادرەسی. 

کاتێک ساڵی(١٩٧٥) کۆچی دوای کرد و گۆرستانی قەبری سەید نزیک جەلەوە دەبێتە دوا مەنزڵگای ئەبەدی و ئەویش دەبێتە گومناوێکی تری شیرینترین سەرزەمینی دنیا کە جەلەوەیە!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە