.
06:35 PM - 09/05/2024
لیژنەی باڵای ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووە و پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عیراقی لەگەڵ سعودیە و چەند پڕۆژەیەكی تری لە بوارەكانی وزە، پیشەسازی و تەندروستی پەسەند كرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە حەوتەمین كۆبوونەوەكەی لیژنەی باڵای ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنانی عیراق، پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عیراقی لەگەڵ سعودیە پەسەند كراوە، هەروەها پرۆژەی كێڵگەی گازی تاجی و پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر لەپارێزگای بابل و پرۆژەی دروستكردنی دوو نەخۆشخانە و شارێكی پیشەسازی لە بەسرە و چەند پرۆژەیەكی تریش پەسەند كراون.
ڕێككەوتننامەی تایبەت بە بەستنەوەی تۆڕەكانی كارەبا لە 25ـی كانوونی دووەمی 2022، لە نێوان عێراق و سعودیە مۆر كرا و پێشتر وەزارەتی كارەبای عیراق بڵاوی كردبووەوە، یەكەم هێلی بەستنەوەی تۆڕی كارەبا لەگەڵ سعوودیە ئاراستەی بەرەو بەسرە دەبێت و نزیكەی 500 مێگاوات كارەبا دابین دەكات، هێڵی دووەم بەرەو پارێزگای سەماوە دەبێت بە نزیكەی 300 مێگاوات كارەبا دابین دەكات و ئامانجی وەزارەتەكە لەو پرۆژەیە دابینكردنی هەزار مێگاوات كارەبایە لە وێستگەی كارەبای عەرعەری سنوورییەوە.
پرۆژەی بەستنەوەی تۆڕەكانی كارەبای عێراق بە وڵاتانی كەنداو، 280 ملیۆن دۆلار تێچووەكەیەتی و لەلایەن و كوێت و قەتەریشەوە پشتیوانی دارایی دەكرێت و تێچووی عیراق لە كڕینی غاز بە مەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا، كەم دەكاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە