کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

زیاتر لە یەك ملیار دینار بۆ سلێمانی خەرج دەكرێت

.

07:42 PM - 09/05/2024

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، زیاتر لە یەك ملیار و 327 ملیۆن دینار بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بۆ پارێزگای سلێمانی خەرج دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی ئایاری 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری، وەزارەتەكە رەزامەندی نیشان دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی ملیارێك و 327 ملیۆن و 120 هەزار دینار بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شوێنە جیاوازەكانی شارەكە.

وەك ئەوەی ئاماژەی پێ كراوە، ئەو بڕە پارەیە لەسەر داهاتی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییە و بەپێی رێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهات خەرج دەكرێت بەمەبەستی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ كارگەی قیری شارەوانی و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە شەقام و كۆڵانەكان و بەڕێوەبردنی هەڵمەتەكانی نوێكردنەوەی شەقامەكانی شاری سلێمانی.

ئەو بڕە پارەیە بەپێی رێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهات فەرمانی وەزاری بۆ دەرچووە لەسەر رێژەی سەدا 100ی داهاتی فرۆشتنی زەویی روكنی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە. 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە