کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لەتیف نێروەیی: یەكێتی پەیامێکی رەسمی و شەفافی هەیە و نایەوێ‌ هەڵبژاردن دوابخرێت

.

05:24 PM - 15/04/2024

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو لایەنەی رۆژانە هەواڵێکی داتاشراوی ناڕاست بڵاودەکاتەوە گوایە یەکێتی و پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان رێکەوتوون، تەنها وەکو بانگەشەیێکی پێشوەختەیە و دەیەوێ شەڕێکی دەرونیی لەگەڵ ئەندامان و دەنگدەرانی یەکێتی بکات، ئەگەر نا لەراستیدا ئەو لایەنە ژێربەژێر هاوشێوەی پارتی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدات.

لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیتشمانیی كوردستان و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی لە نووسینێكدا وەڵامی سێ پرسیار دەداتەوە كە لەماوەی هەفتەی رابردوو زۆترین پرسیاریان لەبارەوە كرابێت. 

لە وەڵامی یەكێك لەپرسیارەكاندا لەتیف نێروەیی دەڵێت، بڕیاری دواخستنی وادەی هەڵبژاردن بەدەست حزبەکانەوە نییە، تا یەکێتی یان هەرحزێکی دیکە رێکەوتن بکات، بەڵکو ئەو پرسە پەیوەستە بە سەرۆکی هەرێم و کۆمسیۆن.

هەروەها هەڵوێستی حزبەكەی لەبارەی هەژماری من-ەوە ئاشكرادەكات و دەڵێت، "بەلای ئێمەوە هەژماری من بمێنێت یان نەمێنێت گرنگ نییە، بەڵكو ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمە".

 

دەقی پرسیار و وەڵامەكانی لەتیف نێروەیی: 

 

ئایا راستە یەکێتی و پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێکەوتوون، کە لایەنێکی سیاسی لەرێی میدیای خۆیەوە رۆژانە ئاماژە بەوە دەدات ؟!.

 

پسیاری دووەم : ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت و دوانەخرێت،بەڵام لە سنووری هەولێر و دهۆك رێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بكرێت، هەڵوێستی یەكێتی. چی دەبێت؟. چونكە بەشێك لە كادیرانی پارتی هەڕەشە دەكەن گوایە رێگا نادەن لە سنوری هەولێر و دهۆك هەڵبژاردن بكرێت.

پرسیاری  سێیەم: هەڵوێستی یەكێتی بەرامبەر بە هەژماری من چییە؟، ئایا پشتگیری لێ دەكات، یان پشتگیری لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكات؟ 

لەبەرامبەریشدا، سەبارەت بەوەی  ئایا یەکێتی لەگەڵ پارتی رێکەوتووە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان ؟ لەتیف نێروەیی دەڵێت.

"بریاری دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن، یان بڕیاردان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەکان بەدەست حزبەکانەوە نییە، تاوەکو یەکێتی یان هەرحزێکی دیکە رێکەوتن بکات، بەڵکو ئەو پرسە پەیوەستە بە سەرۆکی هەرێم و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە.

"ئەو لایەنەی رۆژانە هەواڵێکی داتاشراوی ناراست بڵاودەکاتەوە گوایە یەکێتی وپارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان رێکەوتوون،  تەنها وەکو بانگەشەیێکی پێشوەختەیەو دەیەوێ شەرٍێکی دەرونی لەگەڵ ئەندامان و دەنگدەرانی یەکێتی بکات . ئەگینا لەراستیدا ئەو لایەنە  ژێربەژێر هاوشێوەی پارتی  هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدات، بەڵام بەئاشكراو لەرێی میدیاوە پەیامێکی پێچەوانە ئاراستەدەکات. چونکە  دروست بوونی چەند هاوپەیمانی و  گرووپ و خۆکاندیدکردنی کەسایەتی سەربەخۆ کە هەموویان لەسەر دەنگی ناڕازیی کاردەکەن، بۆ ئەولایەنە سوپرایزێکی دڵخۆشکەرانە بۆیە دەیەوێ دەستە چەورەکەی بەلایەنێکی دیکەوە بسرێتەوە." لەتیف نێروەیی دەڵێت.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێکی رەسمی و شەفافی هەیە و لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دایە و نایەوێ‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت، چونكە دواخستنی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی  هەرێمی كوردستان  و  پرۆسەی دیموکراتی و سەقامگیریی سیاسی و مانەوەی قەوارەی هەرێمدا نییە، بەڵام سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و دانانی سندوقەكانی دەنگدان و پاراستنی سندوقەكان پەیوەندی بە ئێمەوە نیە، بەڵكو پەیوەندی بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەكانی عێراقەوە هەیە و كۆمسیۆنیش سەر بە حكومەتی فیدراڵە و هەر كێشە و گرفتێك لەو بوارەدا هەبێت كۆمسیۆن لێی بەرپرسیار دەبێت و هەوڵی چارەسەركردنی دەدات، بۆ ئەو مەبەستە حكومەتی عێراق پشتگیری ماددی و مەعنەوی و یاسایی كۆمسیۆن دەكات.

 

سەبارەت بە پرسیاری سێیەم كە تایبەتە بە سیستمی بانکیی فەرمانبەرانی (هەژماری من)ەوە،  داخۆ هەڵوێستی یەكێتی سەبارەت بە (هەژماری من) چییە؟  

* لەسەر ئەم پرسەش یەکێتی هەڵوێستێکی  رۆشنی هەیە، چونكە ئەوەی بە لای یەكێتییەوە گرنگە دابینكردن و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی ئەو كێشەیەیە بەشێوەیەكی ریشەیی و دادگای فیدراڵی رێكارێكی یاسایی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە دیاریكردووە و ئێمە رێز لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرین. بۆیە بەلای ئێمەوە هەژماری من بمێنێت یان نەمێنێت گرنگ نییە، بەڵكو ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە و هەر ئاستەنگ و بەربەستێک بخرێتە بەردەم دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، پێچەوانەی سیاسەت و ستراتیژی یەکێتییە و لەگەڵ ئەو جۆرە بریارانە نەبوینەو نابین.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە