کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەیامی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی ساڵیادی تاوانی ئەنفالەوە

.

10:30 AM - 14/04/2024

لەیادی ٣٦ ساڵەی تاوانی ئەنفال، بە پەژارە و خەم و ئازارەوە یادی قۆناغەکانی تاوانی ئەنفال دەكەینەوە كە رژێمی بەعس دژی بە گەلی کوردی ئاشتیخواز بە هەشت قۆناغ بەرپایکرد کە بووە هۆی شەهیدبوونی (١٨٠) هەزار هاوڵاتیی سڤیلی (منداڵ، گەنج و پیر)ـــی كورد و خاپورکردنی زیاتر لە پێنج هەزار گوند. لەم بۆنە غەمبارەدا سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدان، قوربانییان و کەسوکاری خانەوادەی ئەم تاوانە قێزەونە دژ بە مرۆڤایەتییە دادەنوێنین.


تاوانی ئەنفال؛ ساڕێژنەبوونی برینێکە لەسەر جەستەی هەموو تاکێکی کورد، ئەنفال كۆمەڵكوژی و زیندەبەچاڵ کردن بوو، هەر تاوانێك نەبوو دژ بە كورد، بەڵكو هەوڵی سڕینەوەی نەتەوەی کورد و قات و قڕکردنی بوو لە هەمان کاتدا تەحدییەک بوو بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە.


جێ دڵخۆشییە لە ساڵی ٢٠٠٨ دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق کەیسی ئەنفالی وەک تاوانی جەنگ و دژە مرۆڤایەتی ناساند، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پیوەندیدارەکان لەسەر ئاستی جیهان ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسێنن و هەوڵی ئەوە بدەن ئەم جینۆسایدە بەرانبەر بە کورد و هەر نەتەوەیەکی دیکە دووبارە نەبێتەوە لە هەمان کاتدا دەبێت حکومەتی فیدراڵی عیراق ئاوڕێكی جددی لە كەسوكاری قوربانییانی ئەنفال بدادەتەوە و قەرەبووییان بکاتەوە.


دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و خۆڕاگریی کەسوکاریان.


باڵیۆز د. محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە