کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مامۆستا برایم ئەحمەد، تینوە تاوی کوردایەتی

.

11:11 AM - 08/04/2024

مامۆستا برایم ئەحمەد، تینوە تاوی کوردایەتی

 

ئێمەی كورد هەمیشە شانازیی بە سیمبولی نەتەوەكانی تری دنیاوە دەكەین، بەلامانەوە ئاساییە شۆڕشگێڕەكانی خۆمان بە نیلسۆن ماندێلا و چێ گیڤارا گاندی بەراوردبکەین و حەقی خۆیان نەدەینێ؛ کار بۆ ئەوە ناکەین کە وەک براندێکی گەورەی کوردایەتی بیانناسێنین، كەسایەتی راستەقینەی خۆیان ون دەکەین و بەرگری لە كەسایەتی و سیمبولی نەتەوەكانی تر دەکەین..؟!

 ئەگەر مێژووی راستەقینە هەبێت وەك خۆی وێنای راستییەكان بكات و رووداوەكان وەك گەواهی دەرێك بگێڕێتەوە، ئەوا ئێمەی كورد خاوەنی سەدان و هەزاران چێ گیڤاراین و خاوەنی سەركردەی سەنگینی هاوشێوەی وەك ماندێلا و جۆرج واشنتۆن و ماوتسیتۆنگ-ین.. هتد.

مامۆستا برایم ئەحمەد كە زۆركات مێژووی نوێی نەتەوەكەمان وەك خۆی حەقی نەداوەتێ یان وەك پێویست ئاماژەی بە وەرچەرخانی مێژوویی ئەو سەرکردەیە نەكردووە و روونی نەکردۆتەوە كە لەسەر دەستی ئەو شۆڕشی گەلەكەمان لە شۆڕشی هۆزەوە بووە شۆڕشی شارو عەقڵ و مەنتیقی بەهاداریی ستراتیژی سیاسی و دیموکراسی و مەدەنی بۆ گەل.

لەو دیدەوە مامۆستا برایم ئەحمەد، بیرمەندو گیانی پڕ بەهای نیشتمانیی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی میللی كوردبووە، كە وەك باوكی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی كورد ناسراوە و لەسەر دەست و بیروباوەڕی ئەو زاتە گەورەیە گەلێك گۆڕانكاریی مەزن و ریشەیی لە رەوتی شۆڕشگێڕیی كوردیدا لەگشت بوارەكان ئەنجام دراوە.

رەنگە زۆركات مێژوو بەهۆی ئەوەی براوەكان و ترسنۆكەكان دەینووسنەوە، حەق و راستی رووداوە مێژووییەكان وەك خۆی ئاماژە پێ نەكەن و بەلارێدابیبەن. ئەگەرنا مامۆستا برایم ئەحمەد لەو بیرمەند و سەركردە گەورە سیاسییانەی جیهانە، كە رەوتی مێژووی گەلەكانیان گۆڕی و تا ئەندازەیەكی زۆر هۆشی خستەوە بەر لاشەی نوستووی گەلێكی بەشمەینەت و پارچە پارچە كراوی وەک کورد.

لە مێژووی سیاسی ئێمەدا مامۆستا برایم ئەحمەد یەکەم تروسکایی خەباتی چینایەتییە کە نەتەوەو نیشتمان تێیدا سەنتەرە.

شۆڕش لە مێژووی سیاسی ئەودا توانی فۆڕمی خێڵ و دەرەبەگ و مەلا تێپەڕبكات و ببێتە شۆڕشی گەل و نەتەوەو نیشتمان بکاتە ئامانج و بۆی تێبکۆشێت. بیرو باوەری بەرزی مامۆستا بۆ کوردستان بوو.

رێبەری رووناكیی، لەو سیاسیاسەتمەدارانەی گەلەكەمانە كە زۆرینەی تەمەنی شۆڕشگێڕیی خۆی لە برەودان بە توانان و وزەی شۆڕشگێریی دژی ستەمكاری رژێمە  سەردەستەکان تەرخانكرد كە كوردیان لە سادەترین مافی نەتەوەیی بێبەشكردووە و هەوڵی لەناوبردنیان داوە.

تا گۆچان تێكۆشا..

 مامۆستا برایم ئەحمەد رۆڵی گەورەی گێڕاوە لەپێناوی ئەوەی تەواوی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەژێر یەک چەتری سیاسیدا كۆببنەوە و ببنە خاوەن یەک گوتاری نیشتمانی شۆڕشگێڕیی و پێكەوە دژی داگیركەرانی كوردستان بووەستنەوە.

لەبەرئەوەش بە بەردەوامی جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە لەهەر بارێكەوە تەماشای بكرێت، بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد شایستەی ئەوەیە كە لە ئاستێكی بەرزدا فیداكاریی گەورەی بۆ بکەیت و برە و بە ئاستی تێكۆشانی نەتەوەیی بدات، تا گەیشتن بە سەربەستی و رزگاریی نیشتمانی.

مامۆستا برایم ئەحمەد، وەها روانیویەتی كە كێشەی نەتەوەی كورد كێشەیەكی ئینسانییە و پەیوەستە بە مافەکانی گەلێكی دەیان ملیۆنییەوە لەسەر رووی زەوی؛ كە رژێمەكان بە بەردەوامی هەموو رێگەیەك بۆ قەڵاچۆكردنی دەگرنەبەر و نایانەوێت كورد بەهیچ شێوەیەک بگاتە مافە رەواكانی خۆی.

لەو بارەیەوە وەها شرۆڤەی بیرو بۆچوونەكانی كردووە دەڵێت: هەموو كوردێك برای منە و پێیان رادەگەیەنم: كە راست-ترین رێگە رێگەی بەرخۆدان و شۆڕشگێڕییە بۆ سەرخستنی كوردایەتی، بۆیە هەرگیز لە گرتنەبەری ئەو رێگەیە بە گومان نەبن، چونكە لەهەر بارێكەوە لێی بڕوانیت راست-ترین و ئینسانیترین رێگەیە بۆ گەیشتن بە مافی گەلێكی بندەست، دیموكراتیترین رێگەیە، ماركسیانەترین رێگەیە، باشترین رێگەی ئایینییە بە ئیسلام و مەسیحییەوە، بە بۆچوونی مامۆستا برایم ئەحمەد وەها شرۆڤە دەكرێت كە هەموو بیروباوەڕە دنیاییەكان لە راستەوە تا چەپ، لەگەڵ ئەوەدان كە گەلان لە سێبەری خۆیاندا بژین و بن-دەست نەبن و مافخوراو و چەوساوە نەبن و بە مافی نەتەوەیی خۆیان بگەن و ببنە خاوەن کیان، بیری مامۆستا رێگەیەکی پان و بەرینی کوردایەتییەو نەوە بەنەوە رێ رووناکە.

 

 

رێبین عمر

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە