کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەلا بەختیار لەبەرامبەر هەوڵەكانی بۆ ئاشتی میدالی رێزلێنانیان پێبەخشی

.

02:31 PM - 26/09/2019

مەلا بەختیار: نەتەوە یەكگرتووەكان‌و ئەنجومەنی ئاسایشیش، ئەوەندەی ئارایشتی دۆخی سیاسی دەكەن، ئەوەندە چارەسەری بۆ كێشەكان نییە

رێكخراوی ئاشتی جیهانی، سەردانی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی دەكات ‌و وەك رۆشنگەرو سەركردەیەكی ئاشتیخوازیش، میدالی رێزلێنانی ئاشتی پێدەبەخشێت.
لەدیدارێكیشدا، كە ئێوارەی 26/9/2016 بەڕێوەچوو، پاشئەوەی ئەمیندارو ستافی سەرەكی رێكخراوی (IOP) رێكخراوی ئاشتی جیهانی(رێكخراوی جیهانی بۆ ئاشتی‌و بونیادنانی مرۆڤ ‌و وڵاتان)، كە بارەگاكەی لەئەڵمانیایە‌و لەچەندین وڵاتانی جیهان‌و ناوچەكەش لقیان هەیە، لەبارەی سەردانەكەیانەوە گفتوگۆیان كرد، هاوكات بڕواو ئامادەیی خۆیان بۆ هاوكاریی‌و یارمەتیدانی كوردستان دووپاتكردەوە‌و لەو چوارچێوەیەشدا، ئاماژەیان بە ئاستی پەیوەندییەكانیان‌و روانگەی رێكخراوەكەشیان كرد، لەشێوازو چۆنێتی هاوكارییەكانیان بۆ كوردستان، بەتایبەتی لەڕێگەی بونیادنانی پرۆژەی ئابوری جۆراوجۆر بۆ پەرەپێدان‌و سەقامگیری ئاشتییەكی بەردەوام. هەروەك سوپاسی پێشوازیی‌و هاوكارییەكانی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی كردو هەوڵەكانیشیان لەپێناو بەرقەرابوونی ئاشتیدا بەبایەخەوە هەڵسەنگاند.
لەلایەن خۆیشیەوە، مەلا بەختیار، بونی ئەم جۆرە رێكخراوانە لەسەر ئاستی دنیا‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و كوردستانیش، كاریگەری خۆی هەیە‌و وتی: نازانم كەی ئاشتی جیهانی دێتەدی، بەڵام گرنگە خەباتی بۆ بكەین.
ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، ئەگەرچی لەساڵی 1674 یەكەمین كۆنگرەی ئاشتی لەنێوان وڵاتانی ئۆرۆپا بەستراوە، بەڵام لەوكاتەوە بۆ ئێستا زیاتر لەسەد شەڕ رویداوە. بەڵام پێویستە خەبات بەردەوام بێت‌و ئێمەش وەكو كورد، باوەڕی تەواومان بەئاشتی هەیە. چونكە بەهۆی شەڕەوە زۆرمان چەشتووە.
رونیشیكردەوە: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیشە یەكێكە لەسەرچاوە گەورەكانی نەبوونی سەقامگیری‌و دیموكراسی‌و هەندێكجاریش شەڕی گەورە گەورە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رویداوە، لەئێستاشدا بەكردەوە شەڕێكی گەورەی بەرەیی‌و هەروەها هەڕەشەی جەنگێكی رۆژهەڵاتی گەورەش لەنێوان ئەمریكا‌و ئێراندا هەیە. تەنانەت هەرشەشە لەسەر ئاسایشی ئۆرۆپا، بەشی زۆری هەر لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە لەهەموو بارێكەوە، ئەوانیش تیرۆر و كۆچڕەوی زۆر.
مەلا بەختیار، سەرچاوەی ئەم هەموو هەڕەشەو مەترسییەكان‌و كێشانەشی بۆ دوو هۆكار گەڕاندەوە، یەكەم: خراپی باری ئابوری خەڵك؟ دووەم: خراپی مافی سیاسی خەڵك‌و وتی: بۆیە پرسیارێك دەكەم، كە ئایا خەڵك ئابوری خراپ بێ‌ و! مافی سیاسی خرا بێ‌، چۆن شەڕو شۆڕو بەدبەختی دروست نابێ‌؟! چۆن خەڵك راناكات و چۆنیش نابێ‌ بەتیرۆریست؟! بۆیە سەرچاوەكەی دیارە. لەكاتێكدا تائێستا نە لە پەرلەمانەكان‌و نە لەحكومەتەكانی ناوچەكە، پرۆژەیەكی ستراتیجی چارەسەركردنی ئەم كێشانە بوونی نییە! نە كێشەی ئابوریی‌و نەكێشەی سیاسیش.
راشیگەیاند: بەداخەوە، نەتەوە یەكگرتووەكان‌و ئەنجومەنی ئاسایشیش، ئەوەندەی ئارایشتی دۆخی سیاسی دەكەن، ئەوەندە چارەسەری بۆ كێشەكان نییە. لەڕووی ئابوریشەوە، دەوڵەتە گەورەكانی دنیا بێ‌ جیاوازی‌و تەنانەت وڵاتانی ئۆرۆپاش، ئێستاش باش دەزانن كێشە سیاسی‌و ئابورییەكانمان چین، بەڵان هیچیان لەبەر بەرژەوەندی ئابوریان، بڕیارێكی ستراتیجیان نییە بۆ یارمەتیدانمان، بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكەین.
لەدرێژەی وتەكانیشدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، تەئكیدی كردەوە: راستە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كێشەمان زۆرە، بەڵام نەبونی چارەسەریش لەناوەندەكانی بڕیاری نێودەوڵەتیدا، ئەوەش بۆخۆی كێشەیەكی زۆر گەورەیە!
لەودیدەشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە با رێكخراوەكەتان لێكۆڵینەوەیەك بكات‌و بزانن هەموو ئەو پارانەی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبن بەقازانجی دەوڵەتەكان‌و كۆمپانیاكان، لەسەدا دەی ئەو قازانجە بۆ چارەسەری كێشە ئابورییەكان تەرخان بكەن،  بزانن هیچ كەسێك بۆ ئۆرۆپا كۆچ دەكات! بەڵام ئەم حكومەتانە تائێستاش كە توشی شەڕ دەبن، سەدان ملیار دۆلار خرج دەكەن، كەچی كە شەڕ دەوەستێت، یەك ملیار دۆلار بۆ چارەسەری برسێتی خەرج ناكەن‌و ئەمەش بێگومان مەترسییەكی گەورەیە‌و تەئكیشدی كردەوە:
ئەم ئەقڵییەتەش لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا نەگۆڕێ‌، هەرگیز ناتوانین كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بكەن! لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەر لەخەباتداین. ئەم جۆرە رێكخراوانەی وەكو ئێوەش بەقەدەر خۆی، سەبارەت بەئێمە گرنگە‌و ئێمەش وەكو كورد‌و یەكێتی، ئامادەی هاوكاریتانین، چونكە لەبەرژەوەندیمانە كێشەكان چارەسەر بكرێن. هەرچەندیش بتوانن لەئامانجەكانتان بەدیبهێنن، لەقازانجی ئێمەو دوژمنەكانمانە.
لەكۆتایی دیدارەكەشدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، سەربوردەیەكی لەكۆی ئەو هەموو جینۆساید‌و كیمیاباران‌و روخانی گوند‌و دێهاتەكانی كوردستان، كە بەدەستی ئەقڵییەتێكی فاشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناسیۆنالیستی عەرەبی ئیسلامی، بەسەر نەتەوەكەماندا هاتووە، بۆ رێكخراوی ئاشتی جیهانی خستەڕوو.
هەروەك جیاوازییەكانی نێوان ئەو جەنگ‌و شەڕانەی بەسەر كوردستاندا هێنراوە، لەگەڵ ئەو شەڕو جەنگانەی لەئۆرۆپای رۆژهەڵات رویداوە، رونكردەوەو وتی: جیاوازییەكە ئەوەیە كە كەلتوری سیاسی‌و كۆمەڵایەتی، كەلتورێكی فێندەمێنتالیستی نەبووە! بەڵام لەلای ئێمە هێشتا كەلتور، هەژمونی فێندەمینتاڵیستیی لەسەرە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئاشتی كۆمەڵایەتی نەمێنێ‌‌و بەشێك لەشارەكانی عیراقیشی بەنمونە هێنایەوە‌و راشیگەیاند:
رقی فێندەمێنتالیستی، تا پێنج بۆ دە ساڵی ئاییندە مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی. یەكەم: مەترسی ناوخۆیمانە هەیە. دووەم: ئۆپۆزسیۆنێكیشمان نییە، ئەلتەرناتیڤی چارەسەری هەبێت. نەتەوەیەكگرتووەكان‌و ئەمریكاش دەرەقەتی ئەقڵییەت‌و میلشیاتی تائیفی نایەن لەعیراقدا. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، لەناو روداوەكان‌و كارەسات‌و ئەو دۆخەدا دەژین كە هەیە، بەڵام بێ‌ ئومێدنین‌و بەردەوام خەبات دەكەین‌و كۆڵنادەین. لەپێناو چەسپاندنی ئاشتیدا، هاوكارو پشتیوانیاین، چونكە ئاشتی كۆمەڵایەتی، ئاشتەوایی سیاسی، لایەنیكەم پێویستە تا 10 بۆ ساڵی 15 ئاییندە خەباتی بۆ بكەین.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە