کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆك كۆمار بە بۆنەی یادی لەدایكبوونی پێشەوای موسڵمانان پەیامێكی بڵاوكردەوە

.

11:38 AM - 18/10/2021

سەرۆك كۆمار بە بۆنەی یادی لەدایكبوونی پێشەوای موسڵمانان پەیامێكی بڵاوكردەوە   
د.بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عیراق بەبۆنەی یادی لە دایكبوونی پێشەوای موسڵمانان و سەروەری مرۆڤایەتی محەمەد (د.خ).پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی موسڵمانانی عیراق و هەرێمی كوردستان و جیهان دەكەم
ئاماژەی بەوەش كرد رۆژی لە دایكبوونی پێشەوای موسڵمانان بۆنەیەكی گەورە و گرنگ و پەیام بەخشە بۆ بەرجەستەكردنی ئاشتی و خۆشەویستی و پێكەوەژیان لە نێوان سەرجەم مرۆڤایەتی، بۆیە ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە چەسپاندنی بەها و رەفتارە جوان و بەرزەكانی پێشەوای موسڵمانانە، تاوەكو بەها بەرزەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەرز راگرین، با لە پێغەمبەری خودا فێری چاكەخوازی بین، پێغەمبەری مەزن دەوڵەتێكی دامەزراند و توانی كۆتایی بەستەم و گەندەڵی بهێنێت و دادپەروەری بچەسپێنێت و بەها مرۆڤایەتییەكان بەرز راگرێت لە ئەخلاق و هێزی ئیرادە.
هەر لە پەیامەكەیدا سەرۆك كۆمار راشیگەیاند لە كاتێكدا ئەم یادی مەزنە دەكەینەوە، وڵاتە ئازیزەكەمان رووبەڕووی ئالینگاری جددی و بەركەوتەی نیشتمانی دەبێتەوە، لەم ساتەوەختە دژوارەدا پێویستە یەكریز و یەكگرتوو بین و بەیەكەوە دیاڵۆگ و گفتوگۆ بكەین بە ئاڕاستەی سەرخستنی بەرژەوەندی گشتی وڵات و هەنگاوی كرداری بنین رووە و جێبەجێكردنی داوا رەواكانی خەڵك بۆ ژیانێكی باشتر و خۆشگوزەران.
ئەوەشی خستەروو، رێزگرتن لە ئیرادە و خواستی خەڵك و پرۆسەی دەستووری و چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگەچارەی ئاشتییانە ئەركێكی نیشتمانییە و ناڕەزایی بەرامبەر بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن مافێكی پارێزراوە لەسەر بنەمای دەستوور و یاساكانی هەڵبژاردن، بۆیە پێویستە مامەڵەكردن لەگەڵی لەچوارچێوەی یاسا و ئاشتیدا بێت دوور لەوەی ئاسایش و موڵك و سامانی گشتی و سەلامەتی وڵات بخرێتە مەترسییەوە.
رێزگرتن لە دەوڵەت و دامەزراوەكانی و پاراستنی كاروانی دیموكراسی لە وڵات، ئەمانەتە لە گەردنمان بۆ ئەو قوربانییە زۆرەی كە گەلەكەمان بەخشیویەتی لە ماوەی دەیەیی رابردوو لە ستەم و چەوسانەوە و توندوتیژی، هەروەك ئەمانەتە بۆ قوربانییەكانی هێزە ئەمنییەكان لە سوپا و پۆلیس و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هاوكات گرنگە رێز بگرین لە پاراستنی بژاردەی دێموكراسی دەستووری ئاشتییانە وەك بژاردەیەكی گەلەكەمان.
هەموو ئەمانەش بە هەوڵ و كۆششی هەمووان لە هێز و لایەنە سیاسی و جەماوەرییەكان و یەكخستنی دید و بۆچوونە جیاوازەكان دێتەدی لە پێناو پاراستنی پەرژەوەندی گشتی وڵات و هێنانەكایەوەی خۆشگوزەرانی و گەشەپێدان بۆ هاونیشتمانیان و وڵات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە