کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە عێراق، ڤاکسین کۆتایی بە کۆرۆنا ناهێنێت

.

08:52 PM - 03/05/2021

ئەرسەلان پەرۆش
تادێت ژمارەی توشبوون بە کۆرۆنا لەزۆربەی وڵاتانی دنیا لەنێویشیاندا عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و لەهەندێک لەوڵاتانیش توشبوون و مردن بەو هۆیەوە ڕۆژانە  ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات، بۆ نمونە لەوڵاتی هندستان ژمارەی توشبوونی ڕۆژانە نزیک دەبێتەوە لە 400 هەزار کەس و مردنی ڕۆژانەش نزیکەی چوار هەزار کەس دەبن، بەڵام لەبەرامبەریشدا وڵاتێکی وەک بەریتانیا کەمبوونەوەی ڕێژەی توشبوونو گیانلەدەستدانی بە کۆرۆنا ڕاگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ کوتانی بەشی هەرەزۆری هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بە ڤاکسینی کۆرۆنا گەڕاندەوە.
بێگومان جیاوازی تاڕادەیەک زۆر لە تێڕوانین و بیرکردنەوەی هاوڵاتییانی وڵاتێکی وەک بەریتانیا و وڵاتێکی وەک عێراق بۆ ڕووداو و پێشهاتە لەناکاوەکان و کۆی بوارە جیاوازەکانی ژیان هەیە، بە نمونە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو دنیا بە تامەزۆرییەوە چاوەڕێی دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی ڤاکسینی تایبەتی ڤایزۆسەکەیان دەکرد بۆئەوەی بتوانن خۆیانی پێ بکوتن و لە مەترسی ئەو بەڵایە ڕزگاریان ببێت و هەر واش بوو، ئێستا لە ئینگلاند تەنها بەشێکی کەمی هاوڵاتییان نەبێت زۆربەی هەرەزۆری دانیشتوانەکەی خۆیان بە یەکێک لە ڤاکسینەکان کوتاوە، هەر ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی توشبوون و مردن و وڵاتەکەش لە حاڵی ئەوەدایە ک سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر کۆرۆنادا ڕابگەیەنێت.
لە لایەکی تریشەوە لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە تادێت ژمارەی ڕۆژانەی توشبوون ڕوو لەهەڵکشانە و،هاوڵاتییانیش چەندین ڕای جیاواز و ترسیان لا دروست بووە لەسەر کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینەکە و هەر ئەوەش وای کردووە بەشێکی زۆر کەمی هاوڵاتییان سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن و ڤاکسینەکە وەربگرن بەتایبەتیش ڤاکسینی ئەسترازینیکا کە دەنگۆی جیاواز لەبارەی کاریگەرییە نەرێنی و لاوەکیەکانیەوە بڵاو بووەتەوە، بەجۆرێک دوای گەیشتنی بڕێک لەو ڤاکسینە بۆ هەرێم تاماوەیەکی زۆر و بەئێستاشەوە لە بنکە تەندروستییەکاندا ماوەتەوەو زۆر کەس ئامادە نین خۆیانی پێ بکوتن، بەڵام دوای ماوەیەک و هاتنی ڤاکسینی فایزەر بەشک لە هاوڵاتییان سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان دەکەن و داوای کوتانیان بەو ڤاکسینە دەکەن نەک ڤاکسینی ئەسترازینیکا.
ئەم ترسەی هاوڵاتییان تائێستا وەک خۆی ماوەتەوە ئەوەش وای لێکردوون دوودڵییەکی زۆریان لا دروست ببێت و نەتوانن خۆیان بە ڤاکسینە جیاوازەکانی تریش بکوتن، هەر بۆیە ئەگەر کار بەم شێوەیە بڕوات ئەوا چاوەڕێی ئەوە مەبن کە کۆتاییهاتنی کۆرۆنا لەعێراق و بەتایبەتیش هەڕێم بەهۆی وەرگرتن یان پێکوتانی ڤاکسینەوە بێت، بەڵکو دەکەوێتە سەر ڕەحمی ‌پەروەردگار و ئاستی خۆپارێزی هاوڵاتییان کە ئەمەی دواتریان هەر نییە. ماوەتەوە بڵێین کە بەبەراورد کردن لەنێوان حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤاکسینەکە و حاڵەتەکانی چاکبوونەوە ئەوا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە کاریگەری لاوەکی ئەوتۆی نابێت و سوود و قازانجەکانی زۆرزیاترە لە زیانەکانی، چونکە ژمارەی ئەو کەسانەی کەتائێستا بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن، بەڵام ملیۆنان کەس بەهۆی ڤاکسینەکەوە لەمەترسی ڕزگاریان بووە. هەربۆیەش پێویستمان بە هەڵمەتێکی نیشتمانی چڕ هەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان و هاندانیان بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینەکە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە