هەڵمەت هۆشیار
هەڵمەت هۆشیار
کەرکوک یەکێکە لە ئاڵۆزترین و دەوڵەمەندترین شارەکانی عیراق، نەک تەنها بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و سامانە سروشتییەکانییەوە، بەڵکو بەهۆی تەونە کۆمەڵایەتییە هەمەچەشنەکەیەوە کە کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشووری و ئەوانی دیکە لەخۆدەگرێت. ئەم فرە رەنگییە هەرگیز تەنیا واقیعێکی دیمۆگرافی نەبووە، بەڵکو سیمایەک بوو ناسنامە و گیانی شارەکەی پێناسراوە، سەرەڕای هەموو ئاڵەنگارییەکان، ئەم فرە رەنگییە وایکردووە ببێتە نموونەیەکی زیندوو بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی کۆمەڵایەتی.
لەگەڵ ئەوەی کەرکوک بە درێژایی چەندین دەیە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی توند بووە، وەکو کارتێکی گوشار لەلایەن هێزە سیاسییە نێوخۆیی و ئیقلیمییەکان بەکارهێنراوە، هەرکەس بە پێی ئەجێندای خۆی خوێندنەوەی بۆ دەکات هەوڵی زاڵکردنی تێڕوانین و بیرکردنەوەی خۆی دەدات، ئەم ئەجێندا سیاسییانە جەوهەری راستەقینەی کەرکوکیان لاواز کردووە و وێنەی شارەکەی وەکو پێگەیەکی جوگرافی بۆ لە ئامێزگرتنی هەموان بەبێ جیاوازی تەم و مژاوی کردووە.
لێرەوە دەبێت لە دەرەوەی بەرژەوەندییە بەرتەسکەکان، بیرکردنەوەکان لە بارەی کەرکوکەوە بگۆڕێت، وەک سیمبولی نیشتمانی مرۆیی بۆ فرەیی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی تەماشا بکرێت.
پێکەوەژیان لە کەرکوک زادەی بڕیارە سیاسییەکان نییە، بەڵکو بەرهەمی مێژوویەکی دوور و درێژە لە کارلێکی کۆمەڵایەتی رۆژانەی نێوان پێکهاتەکان لە بازاڕ و خوێندنگە و گەڕەک و کۆڵانە میللییەکاندا، ئەم پەیوەندییانە بابەتی شوناسی نەتەوەیی تێپەڕاندووە، لەسەر پایەی بەرژەوەندیی هاوبەش و داب و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بونیادنراوە، ئەم گیانە دەبێت بگەڕێندێتەوە گەشەی پێبدرێت، لە بری گوتاری جیاکاریی و رق و کینە.
دەرچوون لە بیرکردنەوەی حزبی، واتا داننان بەوەی کەرکوک تەنها موڵکی لایەنێک نییە، بەڵکو شارێکە بە سۆزەوە هەمووانی لە ئامێز گرتووە، واتا پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی خۆجێی لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە، نەک بنەما زاڵبوون و توانەوە.
ئەوانەی لەم بابەتەدا دەبێت رۆڵی سەرەکی بگێڕن دەستەبژێری رووناکبیران و رۆژنامەوانانن، پێویستە رۆڵی گەورەیان هەبێت لە داڕشتنەوەی گوتاری گشتیدا کە بەرەژەوەندیی هاوبەش، کرۆکی گوتارەکە بێت نەک فراوانکردنی درزوکەلێنەکان.
لە ئاستی سیاسیشدا، هەرگیز چارەسەر بە زاڵکردنی ئیرادەی لایەک بەسەر لایەکی تردا ناکرێت، بەڵکو دەبێت لە ئیدارەدانی کەرکوکدا هەمووان هاوبەش و بەشدار بن و مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراوبێت، ئەزموونی رابردووە ئەوەی سەلماندووە، بەهێز ئارامی لەو شارەدا بەدی نایەت، بەڵکو بە گونجاندن و متمانەی هاوبەش دروستدەبێت، کەرکوک بە پێی تایبەتمەندیی شارەکە پێویستی بە مامەڵەیەکی جیاواز هەیە، رەچاوی هەستیاریی دۆخی خۆجێی و ناوچەیی بکات بۆ ئەوەی لە سەرچاوەی ململانێوە بکرێت بە چەتری کۆکەرەوە.
لە کۆتاییدا کەرکوک، وەکو ئەزموونێکی راستەقینەی فرەچەشنەیی دەمێنێتەوە، یان بۆ هەمیشە دەبێتە بارمتەی ئەجێندای سیاسی یان دەگۆڕێت بۆ نموونەیەکی زۆر جوانی پێکەوەژیان، هەڵبژاردەکە لێرەدا تەنها سیاسیی نییە، بەڵکو ئیتیکی و مرۆییە، پێویستی بە بوێری هەیە تا رابردوو بەجێبهێڵرێت و رێز و ماف و بەرژەوەندیی هاوبەش، کۆڵەکەی داهاتوو بێت بۆ ژیانێکی پڕ کەرامەت و رێز لە کەرکوکی چەپکە گوڵەکەدا.