رێبوار کەریم وەلی
رێبوار کەریم وەلی
بە دیاریکراوی لە نۆ ساڵی رابردوودا، موبالەغە نییە ئەگەر بگوترێ، پارتی نە بۆ ناوخۆی خۆی و نە بۆ دەرەوەی خۆی یەک بڕیاری دروستی نەداوە.
*
غرور، خۆبەزلزانی و تاکڕەوییە بەردەوامەکانی وایکرد کە بە تەنیا بمێنێتەوە. چ لە بەغدا و چ لە کوردستان، پارتی توشی سەرلێشێواوی و قەیرانێکی قوڵ بووە و، فاکتەری ململانێی ناوخۆییش وایکردووە پارتی نەتوانێ بەردەمی خۆی ببینێ.
*
جاران یەکێتی لە سیاسەتدا، نانی بە نرخی رۆژ دەخوارد، کەچی ئێستا لە کوێ و چۆنی بیەوێ تەقڵە بە پارتی لێدەدات؛ کۆدەکانی پارتییان دۆزیوەتەوە و جووتبرا لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ئەوەی گوتبیان کردوویانە.
*
پارتی بۆ داپۆشینی قەیرانی ناوخۆیی خۆی شەو و رۆژ خەریکی دوژمنتاشینە بۆ خۆی و خۆشی پێ مەرجەعی میللەتی کوردە و داوا دەکات کە خەڵکی کوردستان باجی هەڵەکانی ئەو بدەن. بارزانیی باوک هەرچی وزە و تینی حزب و بنەماڵەکەی لە ناوخۆ و دەرەوەدا، کردۆتە قوربانیی مانەوەی کوڕەکەی لە دەستەڵاتدا.
*
لە دوایین روبەڕووبوونەوەی پارتی و یەکێتیدا، یەکێتی سەرۆککۆماری دیاریکرد و بەوەش پەردەی لەسەر هاوپەیمانییەکی تازە لا دا. بافڵ تاڵەبانی ئێستا بووەتە راوچیی هاوپەیمانە ناوخۆیی دەرەکییەکانی پارتی؛ لە کاتێکدا کە هێشتا حزبەکەی هاوپەیمانی سەرەکیی شیعەیە، دەرگای هاوپەیمانیی لەگەڵ عارەبی سوننەش(حەلبوسی)کردەوە و قەرارە پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش بۆ چەند مانگێک بدات بە بەرەی تورکمانی و ئینجا بەوەش لە تورکیاش نزیک بێتەوە(کە دەگوترێ بڕیارە بافڵ هەفتەی دادێ سەردانی تورکیا بکات).
*
پارتی ئێستا لەبەردەم بڕیاڕێکی چارەنوسسازدایە؛ بە کشانەوەی پارتی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق هیچ روونادات. پارتی بە تەنها تەمسیلی کورد ناکات و حزبی دیکەش لە بەغدان. بۆیە بڕیاری چارەنوسساز ئەوەیە کە بۆ عقڵ و مەنتق بگەڕێتەوە، سەرۆکی پارتی دەستبەرداری ئەو عینادییە لەسەر کوڕەکەی بێت و پۆستێکی بۆ بدۆزێتەوە.