مەسعوود بابایی 02:37 PM - 2026/08/24

 مەسعوود بابایی

گادامێر گوتەنی، ئەگەر هەقیقەتێک هەبێت ئەوە لە گفتوگۆدا دەردەکەوێت. لە دەرەوی گفتوگۆ هەقیقەتێک لەئارادا نییە، یان دەرناکەوێت! مەبەستی ئێمە هەقیقەتی عیرفانی نییە، بەڵکو هەقیقەتێکە کە لە رەوتی گفتوگۆدا بە تێگەیشتنی هاوبەش دێتە ئاراوە، واتە تێگەیشتنی هاوبەش دەبێت بە هەقیقەتی هاوبەش.
چەقبەستنی سیاسی، بەهۆی نەمانی گفتوگۆوە روودەدات. ئێمەی کورد بە درێژایی مێژوو لەم بارەوە کێشەمان هەبووە. مێژووی میرنشینەکان و لەدەستدانی دەرفەتەکان گەواهیدەری ئەم دۆخی چەقبەستنەن. لە جێی گلەییکردن لە بارودۆخەکە و سەلماندنەوەی بەردەوامی ئەم دۆخی تێنەگەیشتنە، پێویست ناکات هەموو جارێک برینە کۆنەکان بکولێنینەوە. بۆ تێگەیشتنی هاوبەش چیمان گەرەکە؟ چ شتێک دەسەڵاتێکی سیاسی ناچار بە گفتوگۆ دەکات؟ رێگەکانی دانوستان کامانەن؟ هێزی سیاسی بۆچی بەگوێرەی کات و شوێن، کاتی گفتوگۆ و ململانێ هەڵدەبژێرێت؟ ئایا هێزی سیاسیی کورد لە ململانێ و گفتوگۆیدا بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکات، یان پاڵنەرەکەی بیروهۆشی نکۆڵی و نابەرپرسیارێتییە؟
بە بڕوای من بێجگە لە هۆکارە دەروونییە سڵەمێنەرەکان، تێنەگەیشتن هۆکاری سەرەکیی نەسازانی سیاسیی هێزە سیاسییەکانمانە. ئەم تێنەگەیشتنە، رەنگە گەلێ هۆکاری هەبن کە بەر لە هەموو شتێک هەڵبژاردنی زمانی گفتوگۆیە. 

 

چەقبەستنی سیاسی، بەهۆی نەمانی گفتوگۆوە روودەدات. ئێمەی کورد بە درێژایی مێژوو لەم بارەوە کێشەمان هەبووە. مێژووی میرنشینەکان و لەدەستدانی دەرفەتەکان گەواهیدەری ئەم دۆخی چەقبەستنەن
یەکەم: هەر وشەیەکی لێڵ و ناڕوون دەبێتە هۆی دڕدۆنگی، چونکە وەک تەڵەیەک دێتە بەرچاو و لایەنی بەرانبەر وەک نیازخراپی لێی دەڕوانێت.
دووەم: پێگەی دانوستان، واتە ئێمە لە گفتوگۆدا دەبێ رەچاوی پێگە بکەین، ململانێ لەسەر پێگە، شێوازی دانیشتنەکان، بەرزی و نزمی و راست و چەپی شوێنەکان، ژووروو و سەروو، هەموو ئەمانە دەتوانن لە لێکدانەوەی پێگەی قسەکەراندا کاریگەریی باش، خراپیان هەبێت، بۆ نموونە مێزی چوارگۆشە، سێ گۆشە، لاکێشە و بازنەیی لە دانوستانەکاندا بۆ دەستنیشانکردنی پێگەی بەرامبەر گرنگە، بۆ نموونە: چوارگۆشە لە گۆشەکانەوە لە باری مەوداوە کەمترە. دەنگ بەشێوەیەکی یەکسان دەگاتە گۆشەکان. مەودای کەمی قسەکەران بیستن و گوتن باشتر دەکات، بەڵام رەنگە کەمیی مەودا کێشە بۆ لایەنی رەسمیی کۆبوونەوەکان دروست بکات، چونکە مەودای کەمی گۆشەکان لە چوارگۆشەدا بەرپرسە دیارەکانی گفتوگۆ بە زەقی دەرناخات و بەم چەشنە لەوانەیە لەبەر کەشوهەوای هاوڕێیانەی زیاد لە پێوست فەرمیبوونی کۆبوونەوەکان کاڵ بکاتەوە، بەڵام «خوانی مێزە چوارگۆشەکان لە لاکێشەییەکان هاوڕێیانەترە و رەنگە بۆ توانەوەی سەهۆڵی پەیوەندییەکان لە «خوان»ەکاندا گونجاو بێت. هەڵبەت دەبێ ئەوەش بڵێین پێگەی ئەریستۆکراتی و پێگەی بۆرژواییانە دوو سایکۆلۆژیای جیاواز دەخوڵقێنن، کە رەنگە یەکەمیان حەزی لە مێزی چوارگۆشە نەبێت و دووەمیان لەم بارەوە کێشەی نەبێت. هەر بەو چەشنە مێزێکی لاکێشەیی هەم کەم مەودایی و هەم درێژمەودایی لەخۆیدا کۆکردووەتەوە کە بۆ پاراستنی پێگەکان باشە، بەڵام رەنگە فەرمیبوونەکەی زیاد لە پێویست بێت و لەسەر ئەمە کە کێ لە خوارەوە و کێ لە سەرەوە بێت دیسان کێشە دروست ببێت. هەروەها کەشوهەوای زیاد لە پێویستی فەرمیبوون لەبەر دوورمەودایی گفتوگۆی هاوڕێیانە کاڵ و گەرمای دەمودووش کەم دەکاتەوە. بازنە، لەبەر نەبوونی گۆشەکان پێگەی یەکسان، یان بێ پێگەیی دەڕەخسێنێت. دانوستان لەسەر مێزی بازنەیی بۆ کۆبوونەوەی یەکەم ناشێت، لە کۆبوونەوە تەکنیکییەکاندا باشترە مێزی بازنەیی دابنێین، چونکە رێککەوتنی سەرەکیی لە دانوستانەکانی پێشوودا هاتووەتە دی و مێزی بازنەیی لە کۆبوونەوە تەکنیکییەکاندا هاوسەنگی و یەکسانی و هاوڕێیەتی و هەروەها مەودای یەکسانی دەنگ و ئاخاوتن دەڕەخسێنێت.
سێیەم: کاتی دانوستان، گۆڕانکارییەکانی ناوچە و ناوخۆ نابێ ببێتە هۆی جێهێشتنی مێزی دانوستان، بەڵکو دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی بوار و بارودۆخ بەگوێرەی بەرژەوەندیی و هاوسەنگی دوا بخرێت. رەنگە هێزی یەکەم بە قازانجی نەبێت لە ئێستادا دانوستاندن بکات، دەتوانێت دوای بخات. ئێمە دەتوانین تا رەخسانی هەلومەرجی گونجاو مێزەکە بەجێ بهێڵین، بەڵام نابێت گرژییەکان زیاد بکەین. ئێمە دەبێ پەیامی بەردەوام بنێرین، تەنانەت دەتوانین پاساویش بۆ کاروبارەکان بهێنینەوە، یان دەتوانین بڵێین ئێمە خەریکی گەڵاڵەکردنی خاڵەکانی گفتوگۆین و کاتی زیاترمان دەوێت. هەر بۆیە پاش جێهێشتنی مێزی دانوستانیش نابێ پەیوەندییەکان بپچڕێنین. هەروەها دەبێ چاودێریی راگەیاندن و هێزە نەیارەکانیش بکەین تا دووبەرەکی دروست نەکەن.
چوارەم: روونی و زوڵاڵی و راشکاوی و چاکەخوازی هاوکات لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکان؛ ئەگەر مەبەستمان رێککەوتن بێت، دەبێ لە باری زمانییەوە لایەنە تاریکەکانی تێگەیشتن روون بکەینەوە. هەر بۆیە دەبێ زمانی چەمکیمان رێک بخەین. لە پاڵ رەچاوکردنی پرۆتۆکۆڵەکان، نەرمی و گفتوگۆی دۆستانە و ئەتەکێتە زیادەکان بخەینە لاوە. لە گاڵتەوگەپی زێدەڕۆیانەش کە ببێتە مایەی دواخستنی گفتوگۆکان خۆمان ببوێرین، هاوکات هەستیارییەکانی بەرامبەرەکەمان لە باری زمانییەوە لەبەرچاو بگرین. واتە پێگەی بنەماڵەیی، زێد و خاڵە لاوازەکانی کەسایەتیی یەکدی لە گلەییەکانماندا زەق نەکەینەوە، بەداخەوە ئەمە یەکێک لە هەڵە زەقەکانی دیپلۆماسیی نێوخۆیی کورد بووە کە دەبێ وازی لێ بێنین.
پێنجەم: دەستوەردانی نەیاران و دۆستان یەکێکە لە گەورەترین کەندوکۆسپەکانی دانوستانی هێزە سیاسییەکانی کورد. بە درێژایی مێژوو، شەیتان نێوبژیوانمان بووە. لەم چرکەساتە هەستیارەی ئێستاشدا کاریگەریی دەوروبەر و بەرژەوەندییەکانی جوگرافیای هێزە سیاسییەکان بووەتە مایەی مشتومڕ و لەم کەلێنەوە دوژمن وەژوور دەکەوێت. ئەم دەستوەردانە لەبەر نەبوونی ستراتیژیی هاوبەش زیاتر فراوانتر دەبێت. گومان لەوەدا نییە، جوگرافیای کوردستان لانکەی ترافیک و تەراتێنی دەزگاکانی هەواڵگرییە و بەشێوەیەکی گشتی کاریگەرییان لەسەر هێزە سیاسییەکان و بەتایبەتی راگەیاندن و کۆمەڵگەی کوردەواری هەیە. شێواوی و نادڵنیایی و بێزاری و نامۆیی بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری متمانەی کۆمەڵگەی لەهەمبەر داهاتوو لەق کردووە. بۆیە پێویستە فێری ئەوە بین کە چوارچێوەی گەمە و ململانێی سیاسیمان دەبێ لە کوێوە دەست پێبکات و لە کوێ کۆتایی پێ بێت! بە هۆی شەڕی شوومی ناوخۆوە، بۆ ماوەیەکی درێژ کۆمەڵگە ترسی لە دووبارەبوونەوەی ئەم شەڕە هەبوو، بەڵام ئێستا کۆمەڵگە لەوە دڵنیا بووەتەوە ئەم جۆرە شەڕانە دووپات نابنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نەمانی گفتوگۆ و چەقبەستنی کاری سیاسی و دابڕانی ناوچەیی هێزە سیاسییەکان خەریکە دابڕانی کۆمەڵایەتی و کەلتوریش دروست دەکات و بەرپرسیارێتیی سیاسیی هیزی سیاسی ئەوەیە کە ململانێ و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەکان کۆنترۆڵ بکات. 
من لەو بڕوایەدام ئێمە شارەزای دانوستان نین. دەستە و شاندەکانی دانوستانمان فەرمانە گشتییەکان جێبەجێ دەکەن، بەڵام ناتوانن بە وردی لە دانوستاننامەکاندا پۆلێنی بکەن. بەدڵنیاییەوە ئەرکی شاند و دەستەی دانوستانکار ئەوەیە کە پەیڕەوی لە فەرمانە گشتییەکان بکەن، بەڵام ناشارەزایی لە پۆلێنکردنی بڕگەکانی رێککەوتن لە دانوستاننامەکاندا و ئەم رێککەوتنەی لێی دێتە بەرهەم پێویستیی بە دانوستانکاری کارامە هەیە کە ئێمە ئەو کەسانەمان کەمن. ئاستەکانی تێگەیشتن لە زمان و گوتار و چەمک و گوتەزا و خاڵبەندی و ریزکردنی بڕگەکان و پاشکۆ و هاوپێچەکان بەگوێرەی بەرنامەی کاری هاوبەش توانایەکی زۆر باشی دەوێت کە ئێمەی کورد هێشتا دەروەستی نین. بەداخەوە خوڵکەخزمانێی (مجاملە) متمانەی ساختە و رووگیربوون و دڕدۆنگی و شاردنەوە و نەبوونی راشکاوی وەک کورد دەڵێ: (خشتپێژی بەسەر دەریاوە)یە کە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن مەحاڵ دەکات. پێشێلکردنی بەندەکانی رێککەوتن کە ئێمە یەکتریی پێ تۆمەتبار دەکەین لە بنەڕەتەوە بەستێنی پێشێلکردنی لەخۆیدا هەڵگرتووە، ئەگینا بە ئاسانی پێشێل ناکرێت. بازدان بەسەر خاڵەکان، تێبینییەکان، پاشکۆکاندا و روونکردنەوەی واتای زاراوە و چەمک و گوتەزاکان لە رێککەوتننامەکان کە بتوانێت بۆ لایەنی سێیەم ببێتە پارسەنگ لە پابەندیی بە رێککەوتنەوە، زۆر گرنگە. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دانوستانکار کە خاڵی ناڕوون نەهێڵێتەوە. ئێمە دەبێ یەک بەیەکی رەشنووسەکان ئەرشیڤ بکەین. نەک تەنیا رەشنووسی رێککەوتنەکە، بەڵکو کۆی پرۆسەی دانوستان لە رەشنووسەکاندا دەبێ بپارێزین. دەبێ ئاگامان لە نوسخەی رەشنووسی یەکدیش بێت، لەو جێیەی کە یەکێک لە ئەندامانی دانوستان هێڵی بەسەر وشەیەکدا هێناوە، ئەگەر لە سووچێکەوە شتێکی لاوەکیش نووسراوە، دەبێ لەبەرچاو بگیرێت. واژوویەک لە هەر شوێنێکی رەشنووسەکەدا گرنگە، تەنانەت نیشانەکانی خاڵبەندی وەک سەرسووڕمان و پرسیار و خاڵ و کۆما(فاریزە) و ...هتد، دەبێ رەچاو بکرێن. هێشتنەوەی ئەرشیڤی دانوستان لە مێژووی سیاسیدا بۆ نەوەکانی داهاتووی سیاسەتی ئێمە زۆر گرنگە. ئەمە کاریگەریی لەسەر نەریتی سیاسی هەیە کە تەنیا پەیوەندیی بە هێزە سیاسییەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە نەوەکانی دیکەی هێزە سیاسییەکانەوە هەیە کە بڕیارە چارەنووسی ئەم وڵاتەیان پێ بسپێرین.
مێژووی نکۆڵییەکان و تۆمەتبار و تاوانبارکردنی یەکدی و سەندنەوەی بەرپرسیارێتی لە خۆمان، لەناو ئێمەی کورددا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. بەشێکی قیرچسمەیی و کەلـلەڕەقییە و بەشێکیشی ناشارەزاییە لە دانوستان و ئەرشیڤنەکردنە. گرنگیی ئەرشیفی دانوستان بۆ توێژەری بواری دیپلۆماسی لەوەدایە کە دەتوانێت ئاوەزمەندیی سیاسی، ئاستی کەلتوری و خوێندەواری و باری دەروونی و پێگەی جڤاکیی دانوستانکاران و چین و توێژە سیاسییەکان شی بکاتەوە. لە سروشتی ئاخاوتە و کردە سیاسییەکانی کەسایەتییە سیاسییەکانی کۆمەڵگە و نەتەوەیەک تێبگات و بیکات بە بنەمای سیاسەتناسیی ئەو کۆمەڵگەیە و لەباری مێژووییەوە بتوانێت بەرپرسایەتیی رووداوەکان بخاتە ئەستۆی هێز و لایەنەکان و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە داوەرییان لەسەر بکات. بەم چەشنە ئۆباڵی هەڵەکانیش ون نابێت و دەتوانین لە دووپاتبوونەوەیان خۆببوێرین. 
بەکورتی، لەم چەقبەستنەی ئێستادا ئامۆژگاریکردن کەڵکی نییە، دەستنیشانکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی و هەڵەی لایەنەکان و پێداچوونەوە بە ئەرشیڤی دانوستان - ئەگەر هەبێت - ئەرکی توێژەری ئەم بوارەیە.

 

وتارەکانی نوسەر