سوپای پاسداران بۆ ترەمپ: گەرووی هورمز داخراوە و هیچ جوڵەیەك لەچاومان ون نابێت

عیراق 11:58 AM - 2026/08/14

لێپرسراوانی سەربازیی ئێران تەئكید لە كۆنتڕۆڵكردنی گەرووی هورمز و جووڵەی تێپەڕبوونی كەشتییەكان لەلایەن هێزەكانیانەوە دەكەنەوە، ئەمەش وەك وەڵامێك بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كە رایگەیاندبوو، گەرووەكە كراوەیە و سوپای ئەمریكا كۆنتڕۆڵی كردووە.
ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئێران (ئیرنا) لێدوانێكی ئەدمیراڵ عەلی عوزمایی، فەرماندەی هێزی دەریایی لە سوپای پاسداران لەبارەی گەرووی هورمز بڵاوكردووەتەوە، تێیدا عوزمایی رایگەیاندووە، گەرووی هورمز داخراوە، دەبێت راستییەكان لە مەیداندا ببینرێن نەك لە لێدوان و راگەیەندراوەكانی لێپرسراوانی ئەمریكادا، ئەمە كورتەی وتەكانی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسدارانە، "گەرووی هورمز داخراوە. كۆنتڕۆڵمان بەسەر جووڵەكاندا تەواو و یەكلاكەرەوەیە. هیچ جووڵەیەك لەم گەرووەدا لەبەرچاوی شەڕكەرانی هێزی دەریایی لە سوپای پاسداران ون نابێت.
لەلایەكی ترەوە، ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بارەگای ناوەندی خاتمولئەنبیا سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، رایگەیاندووە، بانگەشە بێ بنەماكانی ئەمریكا لەبارەی تێپەڕبوونی ئاسایی كەشتییەكان بە گەرووی هورمز، نیشاندەری بێهیوایی ئەمریكایە. راشیگەیاندووە، هیچ كەشتییەك ناتوانێت بە شێوەیەكی پارێزراو و بێ مۆڵەت و چاودێری ئێران بە گەرووی هورمزدا هاتووچۆ بكات. وتەبێژی بارەگای ناوەندی خاتمولئەنبیا ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی ئێران، چاودێری سەرجەم جووڵەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكەدا دەكەن، بۆ یەك تۆزیش دوودڵ نابن لە بەدیهێنانی مافەكانی گەل و سەروەری نیشتمانی، وە وەڵامی هەر هەڕەشەیەك بە هەر جۆر و ئاستێك بێت، بە شێوازێكی توندتر و سەختتر لە جاران دەدەنەوە.
ئەم لێدوانانە لەكاتێكدان، ترەمپ رۆژی چوارشەممە لە هەژماری خۆی لە "تروس سۆشیاڵ" نووسیبووی، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هورمزی بەدەستەوەیە. پێموایە ئێمە دەیپارێزین. هەمووان بە گەمارۆدەری دەریایی ئێمە دەڵێن دیواری ئاسنین، وە ئێران ناتوانێت هیچ شتێك لەو بارەیەوە بكات.
سەرەڕای پێداگری ترەمپ لەسەر ئەوەی گەرووەكە كراوەیە و ویلایەتە یەكگرتووەكان كۆنتڕۆڵی گەرووەكەی بەدەستەوەیە، پێویستی بەپەلەی جیهان بۆ دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز بەردەوام زیاتربووە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداریی داوە و رایاگەیاندووە، كۆگاكانی نەوتی جیهانی بە خێراییەكی زۆر بەرەو كەمبوونەوە دەچن. جووڵەی گەشتیاری و گواستنەوە بەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەدا هێشتا زۆر سنووردارە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو