بەڕێزان لە کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان
بە رێز و شکۆوە یادی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان دەکەینەوە و رێز دەگرین لە مێژووی پڕ لە خەبات و قوربانیدانی رێکخراوەکەتان. لەم یادەدا لە قووڵایی دڵەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی بەڕێوەبەران و هەموو ئەندامانی کۆمەڵەی خوێندکاران دەکەین.
لە ئێستادا ستراتیژ و سیاسەتێکی نوێمان گرتووەتەبەر، لەلایەکەوە دەمانەوێت ئاستی زانستی زانکۆکانمان بەرزتر بکەینەوە و لەلایەکی دیکەشەوە پلانمان هەیە بۆ بەستنەوەی زانکۆکانمان بە بازاڕی کارەوە و بۆ ئەمەش هەندێک هەنگاوی گرنگمان ناوە.
لەم چوارچێوەیەدا بەپێویستی دەزانین کۆمەڵەی خوێندکاران خۆی لەگەڵ ئەم سیاسەت و ستراتیژەدا هەماهەنگ بکات و بە بیرۆکەی نوێ و داهێنەرانە هاوکارمان بێت، چونکە ئەم سیاسەتە راستەوخۆ خزمەت بە خوێندکاران دەکات لە دۆزینەوەی هەلی کار لەناو بازاڕی کاری کوردستاندا.
هاوکات چاوەڕوانی ئەوەشتان لێ دەکەین هەوڵ بدەن زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ببنە دەنگی راستەقینەی خوێندکارانی کوردستان، بە جۆرێک هەموو خوێندکارێک رێکخراوەکەتان وەک داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی خۆی بزانێت.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پیرۆزبایی ئەم بۆنەیان لێ دەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
قوباد تاڵەبانی