ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە هێرشە درۆنیەكان

کوردستان 03:06 PM - 2026/04/06

 وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، تا ئێستا حكومەتی فیدراڵ هیچ هەڵوێستێكی جدی نەبووە بۆرێگریكردن لەو هێرشە تیرۆریستی و تێكدەرانەی دەكرێتە سەر ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی پێشمەرگە.

 وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە هێرشە درۆنیەكان  ئاماژە بەوەدەكات،لەشەوی پێنج نیسانی 2026 جارێكی تر گرووپە تیرۆرستییە لەیاسا دەرچووەكان، لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشیان كردە سەر بارەگایەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە رۆژانی رابردووشدا چەندین جار  هێرشە تیرۆرستیەكان لەناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بۆ سەر بارەگاكانی پێشمەرگە بەردەوامبوون.

ئەم زنجیرە هێرشانە، بە ئاشكراو بە بەرچاوی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عیراقەوە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی هێزی پێشمەرگە و زیانی گیانی و ماددی زۆریان هەبووە.

وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، تا ئێستا حكومەتی فیدراڵ، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و دامەزراوە ئەمنییەكانی عیراق، هیچ هەڵوێستێكی جدیان نەبووە بۆرێگریكردن لەم هێرشە تیرۆریستی و تێكدەرانەیە.

راشیدەگەیەنێت، پێشمەرگە بەشێكە لەسیستەمی ئەمنی و بەرگری، هەمیشە رۆڵی سەرەكی و كاریگەری هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عیراق، دەبێ ئەو دەستدرێژیانە بەخێرایی بوەستێنرێت و تاوانكاران سزا بدرێن.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەشدا وەزارەتی پێشمەرگە  تەئكید دەكاتەوە لەوەی،ئ لە پێناو بەرژەوەندی هەموو خەڵكی عیراق و كوردستان و لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە نالەبارە، دانیان بە خۆیاندا گرتووە ، بەڵام ئەگەر حكومەتی فیدراڵ هەر وا بێ هەڵوێست بێت ناچار دەبن هەڵوێستی تریان هەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو