وەفدێکی یەکێتی لە قامیشلۆ بەشداریکرد لە مەراسیمی ماڵئاوایی لە ساڵح موسلیم، سیاسەتمەداری کورد و هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە.

کوردستان 04:45 PM - 2026/03/13


وەفدەکەی یەکێتی بریتیبوون لە هەریەک سالار سەرحەد، سالار مەحمود و لوقمان وەردی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی.
بەمەبەستی بەشداریکردن لەمەراسیمی ماڵئاوایی ساڵح موسلیم، رۆژی هەینی ٢٠٢٦/٣/١٣ سەردانی رۆژئاوای کوردستانیان کرد.
لە قامیشلۆ لە لایەن غەریب حەسۆ و پەروین یوسف هاوسەرۆکانی پەیەدە و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆسەری رۆژئاڤا و بەرپرسانی رۆژئاڤای کوردستان لەبارەگای سەرەکی پەیەدە پێشوازیان لێکرا. دواتر وەفەکەی یەکێتی لە گۆڕەپانی شەهیدانی ١٢ ــی ئازار بەئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر و کەسوکاری خوالێخۆشبوو ساڵح موسلیم بەشداری رێوڕەسمەکەیان کرد و تاجەگوڵینەی یەکێتی- یان لەسەر تەرمی خوالێخۆشبوو دانا.
لوقمان وەردی وتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پێشکەشکرد.
لە وتارەکەیدا جگە لە گەیاندنی هاوخەمی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، جەختی لە پشتیوانی یەکێتی کردەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و کاری پێکەوەیی و یەکڕیزی گەلەکامان.
هەروەها وتی: دۆستایەتی نێوان سەرۆک مام جەلال و کاک ساڵح موسلیم بنەمایەکی بەهێزە بۆ کاری پێکەوەیی و برەودان بەخەباتی سیاسی و دیبلۆماسی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و رووبەڕوبونەوەی مەترسیەکان.
لە دوا وێستگەی سەردانەکەیاندا وەفدەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی رووبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی داعـ.ـش و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی رۆژئاڤایان کرد و گوڵی رێزو وەفاداریان لەسەر مەزاری شەهیدان دانا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو