کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستیپێكردەوە

.

03:15 PM - 31/07/2015

 ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەكی كەشتیوانیەوە بڵاویكردۆتەوە كە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە هەناردەكردنی نەوت لەڕێی بۆری نەوتی كەركوك- جەیهانەوە دەستیپێكردۆتەوە، وتیشی، دوای ئەوەی هێرش كراوەتەسەر ئەو بۆریە نەوتە‌و گڕی گرتووە، هەناردەكردنی نەوت راگیراوە، بەڵام دواتر لەڕێی بەكارهێنانی لقێكی بۆریەكەوە، دەست بەهەناردەكردنی نەوت كراوەتەوە.

هاوكات كۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی نەرویجی ئاشكرایكردوە، سەرەڕای هێرش كردنەسەر بۆریەكانی نەوت، بەڵام كۆمپانیاكەیان بەرهەمهێنانی نەوتی رانەگرتووە‌و بەردەوام بووە لەسەر كارەكانی، لەو ماوەیەشدا كە هەناردەكردنی نەوت لەڕێی بۆریەوە راگیراوە، فرۆشتنی نەوتیان لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان زیادكردوە. كۆمپانیای (دی ئێن ئۆ) راشیگەیاند: لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی تاوكێ‌ بەڕێژەی لەسەدا 50 زیادیكردوە‌و گەیشتۆتە 152 هەزار‌و 500 بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، بەشێكی زۆری ئەو نەوتەش لەڕێی بۆری نەوت‌و بەشەكەی دیكەی لەڕێی تانكەرەوە هەناردەی دەرەوە دەكرێت.
وەك كۆمپانیاكەش ئاماژەی پێكردوە، لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان 500 ملیۆن بۆ یەك ملیار دۆلاری كرێی كاركردنی كۆمپانیاكەیان قەرزدارە‌و بەردەوامیش لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیەیان پێبدرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە