کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

شاڵاو کۆسرەت رەسول داوای پێکهێنانی لیژنە لە رووداوی کوشتنی خەسرۆ ئەمیر ئاغا گەردی دەکات

.

04:55 PM - 25/04/2024

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥/٤/٢٠٢٤ لە گوندی گردەچار شاڵاو کۆسرەت رەسول سەردانی خانەوادەی خەسرۆ ئەمیر ئاغای گەردی کرد، کە لە رووداوێکی تەمومژاوی لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە کوژرا.

لەمیانی سەردانەکەیدا شاڵاو کۆسرەت رەسول سەرەخۆشی خۆی گەیاندە کەسوکاری کۆچکردوو و رایگەیاند پاڵپشتی و پشتیوانی لە داوای رەوای خانەوادەی کۆچکردوو دەکەین کە پێویستە بەزووترین کات لیژنەیەکی هاوبەشی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت بۆ دەرخستنی راستییەکان.

شاڵاو کۆسرەت رەسول گوتیشی سەرەڕای تێبینی جدیمان لەسەر رووداوەکە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە سەرجەم هێزە ئەمنییەکان یاساییانە مامەڵە بکەن و لە چوارچێوەی بڕیاری دادگا هەنگاو بنێن، ناکرێت و قبوڵ کراو نییە کەسێک بەبێ گەیشتنی ئاگادارکردنەوەی دادگا بچنە سەر رێگای و لە رووداوێکی تەمومژاوی بیکوژن.

لای خۆیانەوە کەسوکاری خەسرۆ ئەمیر ئاغای گەردی سوپاسی شاڵاو کۆسرەت رەسولیان کردو رایانگەیاند ئەوان سوورن لەسەر داواکارییەکەی خۆیان و داوا دەکەن بەزووترین کات لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت و هەموو تۆمەتەکانی ئاراستەی خەسرۆ کراوە رەت دەکەنەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە