کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وەزارەتی دەرەوەی توركیا هۆشداری دەداتە هەرێم

.

12:38 PM - 14/09/2017



وەزارەتی دەرەوەی توركیا دووبارە هۆشداری دەداتە هەرێمی كوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و رایدەگەیەنێت بێگومان باجی دەبێت.
لە راگەیەندراوێكدا كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی توركیاوە بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوەكراوە كە توركیا پێشوازی لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەكات كە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانی بە نایاسای لەقەڵەم داوە و  ئەو هەوڵەش بۆ ریفراندۆم رەتدەكاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا راشیگەیاند بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق گوزارشتێكی روونە لە گرنگیی یەكێتیی سیاسی و یەكپارچەیی خاكی عیراق و بەتوندی پشتگیریی دەكەین.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە پێویستە ئەوە لەبەرچاوبگرێت كەئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری كوردستان باجی دەبێت لەو سۆنگەیەشەوە داوا لە هەرێم دەكەن هەرچی زووە هۆشیارانە مامەڵە بكات و لەو هەڵوێستەی پاشگەزبێتەوە.
لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیادا هیوایان خواستووە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە شێوەیەكی دەستووریی و دادپەروەرانە بەڕێوەبچن و لەوچوارچێوەیەشدا ئومێدی ئەوە دەكەن داوا رەواكانی هەرێمی كوردستان كە پشت بە ناكۆكی لەسەر دەستوور دەبەستن لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەربكرێن.
هاوكات ئەنكەرە ئامادەیی نیشانداوە بۆ پشتیوانیكردن و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندیی و هەرێم لەسەر بنەمای یەكپارچەیی خاكی عیراق و یەكێتیی سیاسیی و بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوانیان.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە