کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سلێمانی: ماددەیەكی قڕكەری مێرووە كشتوكاڵیەكان قەدەغە دەكرێت

.

08:57 AM - 14/09/2017

قائیمقامیەتی سلێمانی رێگری لە بەكارهێَنانی ماددەیەكی قڕكەری مێرووە كشتوكاڵیەكان دەكات لەلایەن كۆمپانیاو خانووە پلاستیكیەكانەوە، لەبەرئەوەی دەبێتەهۆی لەدەستدانی بەهای خۆراكی بەرهەمەكانیان‌و سەرچاوەی سەرەكی توشبوونیشن بەنەخۆشیەكانی شیرپەنجە.
بێستون علی قادر سەرۆكی لیژنەی كۆمپانیا‌و نوسینگە كشتوكاڵیەكان رایگەیاند: لیژنەكەیان لەمانگی نیسان تاوەكو ئەیلولی ئەمساڵ 117 سەردانیان بۆ 1004 خانووی پلاستیكی‌و نوسینگەو كۆمپانیا كشتوكاڵییەكان كردوە‌و 90 شوێنیشیان ئاگاداركردۆتەوە كە پابەندی مەرج‌و رێنماییەكان بن‌و 18 حاڵەتی سەرپێچیشیان تۆماركردووە.
ئاماژەی بەوەشكردوە: كە بەهۆی چاودێریكردن و پشكنینی بەردەوامەوە، هەموو شوێنەكان خاوەنی مۆڵەتی ڕەسمین‌و نوسینگەو كۆمپانیاكان رێكخراون و دەستیش گیراوە بەسەر برێكی زۆر قڕكەری قەدەغەكراودا، كە بەشێوەیەكی نایاسایی هاوردەكرابوون‌و بۆ قڕكردنی مێرووەكان بەكارهێنرابوون.
لە بارەی كاری داهاتووی لیژنەكەشیانەوە (بێستوون علی) وتی: بریارە بازار و ماركێتەكانی شاری سلێمانیش پاك بكرێنەوە لە ماددەی قڕكەری مێرووی كشتوكاڵی قەدەغەكراو، چونكە هۆكاری سەرەكین بۆ توشبوون بە نەخۆشیەكانی شیرپەنجە، بەتایبەتی ئەو قڕكەرانەی كە ماددەی (سایپەر ماسرین) لە پیكهاتەكەیدا هەیە، لەوانەش ( بای بای، تارومار،كیش، چیرە، گرین وۆرد، ئەگرۆكسیر).

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە