کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەکەمین گروپی خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان بۆ ڕاهێنان لە بواری ئای تی بەرەو چین بەڕێ دەکەون

.

10:20 AM - 13/09/2017

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
د.یوسف گۆران ڕایگەیاند:  گرنگە خوێندکاران لە پاڵ بەدەستهێنانی زانست و زانیاری، شارەزایی ئەزمون و کەلتوری وڵاتان لە بەدەستهێنانی مەعریفە و پێشکەوتنەکان بن.ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕۆژی سێ شەممە، ڕێکەوتی (١٢/٩/٢٠١٧) لە میانەی بەڕێکردنی خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان بۆ کۆماری میللی چین هات.
بەو بۆنەیەوە، لە مەراسیمێکدا، کە بەئامادەبونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، محمود حاجی ساڵح وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و، مەولود باوە مراد وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بەوەکالەت و، فەلاح مستەفا لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، سەرۆکی ژمارەیەک لە زانکۆکانی کوردستان و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و،  (چاین لاپینگ) کونسڵی گشتی کۆماری میللی چین لە کوردستان و نوێنەری کۆمپانیای هواوی و خوێندکاران لە هۆتێل ڕۆتانا بەڕێوەچو چەند وتارێک پێشکەشکرا.
لەو بارەیەوە، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتارێکدا دوای پیرۆزبایکردن لە خوێندکاران، سوپاسی کونسڵگەری چین و کۆمپانیای هواوی کرد، وتیشی ساڵی پار لەسەر پێشنیازی ئێمە یەکەمین گروپی خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان لەسەر بانگهێشتی کونسڵگەری چین ڕەوانەی چین کران، بێگومان لە گەڕانەوەیاندا خوێندکاران دیدگا و تێڕوانینی تەواویان بەرامبەر بەچین گۆڕابوو، ئەوەشی دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ خوێندکارانی کوردستان لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە بۆ کۆماری میللی چین کە پیشانی ئێمە و دنیای دەدات، کە خاوەنی چ ئەزمونێکی دەوڵەمەندە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند: بەسود وەرگرتن لەو ئەزمونە سەرکەوتوە ئەمساڵ و لە رێکەوتی (١٨/٤/٢٠١٧) ڕێککەوتنامەیەکمان لەگەڵ کۆمپانیای هواوی چینی ئیمزا کرد بۆ ڕەوانەکردنی ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان بۆ کۆماری میللی چین بۆ ڕاهێنان لە بواری (ICT) لە کۆمپانیای هواوی، بۆیە خۆشحاڵین ئەمساڵ لەپاڵ ڕەوانەکردنی دوەمین گروپی خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان بۆ ئاشنابون بەئزمون و کەلتوری پێشکەوتی کۆماری میللی چین، لەهەمان کاتدا یەکەمین گروپی خوێندکارانی زانکۆکان بەپێیی ڕێکەوتنامەکەمان لەگەڵ کۆمپانیای هواوی ڕەوانەی چین دەکەین بۆ ڕاهێنان لە بواری (ICT).
هەر لە وتارەکەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەگرنگیەوە باسی لە ئەزمونی دەوڵەمەندی کۆماری میللی چین کرد و وتی: تێڕوانینێکی نەرێنی بەرامبەر بەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی لە جیهان ڕودەدات جیاوازە، چونکە پێشکەوتنی ئابوری و تەکنەلۆژیا لە ئێستادا لە ئەوروپاوە بەرەو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەڕوا، پێشبینیش دەکرێ لە چەند دەیەی داهاتودا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بەتایبەت چین پێش ئەوروپا و ویلایەتەیەکگرتوەکان ئەمریکا بکەوێ، بۆیە گرنگە ناسین و ناساندنی ئەو وڵاتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، لەبەرئەوە دەبێ بزانین چۆن ئەو وڵاتە بەرەوام لە بەرەوپێشچوندایە و، لە کەم وڵاتی دنیا هەیە چین و کۆمپانیا چینیەکان وەبەرهێنانی تێدا نەکەن.
بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕوو خوێندکاران ڕایگەیاند:  گرنگە خوێندکاران لە پاڵ بەدەستهێنانی زانست و زانیاری، شارەزایی ئەزمون و کەلتوری وڵاتان لە بەدەستهێنانی مەعریفە و پێشکەوتنەکان بن، کۆماری میللی چینیش خاوەن ئەزمونێکی ناوازەیەو دەکرێ سود لەو ئەزمونە وەربگرین بۆ بونیادنانی داهاتوی گەلەکەمان.
لە کۆتایی وتارەکەشیدا سوپاسی کونسڵی کۆماری میللی چین لە کوردستان و، نوێنەری کۆمپانیای هواوی لە ئێراق کرد، هیوای خواست پەرەی زیاتر بەو پەیوەندیانە بدەن بۆ ئەوەی سود و ئەزمون لە بوارە جیاکانی چین بۆ ئاوەدانکردنی کوردستان ببینن.
هەر لە مەراسیمەکەدا، ،  (چاین لاپینگ) کونسڵی گشتی کۆماری میللی چین لە کوردستان و نوێنەری کۆمپانیای هواوی و نوێنەری خوێندکاران وتەیان پێشکەشکرد، لە وتەکانیاندا باسیان لە لایەنە جیاکانی ئەو گەشتە زانستیە و گرنگیەکانیان کرد، پاشان لەلایەن لێپرسراوانی ئامادەبوەوە دیاری کۆمپانیای هواوی بەسەر خوێندکاران دابەشکرا.
واش بڕیارە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوە خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان کە ژمارەیان (٢٠) خویندکارە بەرەو کۆماری میللی چین بەرێ بکەون، (١٠) لەو خوێندکارانە وەک دوەمین گروپ بۆ ساڵی دوەم لەسەر بانگهێشتی کونسڵگەری چین دەچنە ئەو وڵاتە، مەبەستی سەردانەکەشیان بریتیە لە ئاشنابون بەکەلتور و ئەزمونی پێشکەوتوی ئەو وڵاتە، لەهەمان کاتدا (١٠) خوێندکارەکەی دیکەش بەپێیی رێکەوتنامەی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و کۆمپانیای هواوی دەچنە ئەو وڵاتە بۆ ڕاهینان لە بواری (ICT).

251971392017__DFR0691-5000.jpg

301971392017__DFR0722-5000.jpg

361971392017__DFR0855-5000.jpg

471971392017_IMG_0074.JPG

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە