کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سێ‌ پاڵاوگەی نوێ‌ بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوتەمەنی دادەمەزرێن

.

10:47 AM - 01/07/2015

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو دابینكردنی خەرجیەكانی ناوخۆ‌و مووچەی فەرمانبەران، هەناردەی نەوت لەڕێی سۆمۆوە كەم دەكاتەوە‌و سێ‌ پاڵاوگەی نوێش بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوتەمەنی دادەمەزرێن.
ئەمڕۆ وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم‌و لێژنەكانی سامانە سروشتیەكان و دارایی لە پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوە بۆ قسەكردن لەسەر قەیرانی سوتەمەنی و دواكەوتنی موچە و هەناردەكرنی نەوت، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا (عەلی حەمە ساڵح) ئەندامی لیژنەی دارایی‌و سامانە سروشتیەكان وتی: بڕیاردار لەپێش جەژنی رەمەزان موچەیەكی تر بدرێت، هەروەها قەیرانی سوتەمەنی بەتایبەتیش بەنزین چارەسەر دەكرێت لە ڕِووی كوالیتی و نرخ و هاوردە كردنیەوە، سەرەڕای ئەوەش بڕیاردرا سێ‌ پاڵاوگەی نەوت لەهەرێمی كوردستان دابمەزرێت.
هاوكات (تەها زەنگەنە) بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم رایگەیاند: قەیرانی سوتەمەنی تێپەڕ دەبێت، ئەمەش بە هاوردەكردنی بەنزین‌و بازرگانانیش بۆیان هەیە بەنزین هاوردە بكەن.
سەبارەت بەهەناردەكردنی نەوتیش (دڵشاد شەعبان) جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان لە پەرەلەمانی كوردستان وتی: حكومەتی هەرێم ویڕای پابەندبوونی بەڕێكەوتنەكە، بەردەوامە لە هەناردەكردنی نەوت، لە ئەگەری بەردەوامی پێشێل كردنی ڕێكەوتنە لەلایەن بەغداوە ئەوا هەڵوێستی حكومەتی هەرێم بریتیە لە فرۆشتنی نەوت و خەرجكردنی داهاتەكەی بۆ  موچە و پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان.
بەپێی زانیاریەكانی كەناڵی گەلی كوردستانیش، لە كۆبونەوەكەدا باس لە پاڵاوگەكانی نەوت كراوە‌و ئەوانەی پابەندی رێنماییەكان نەبن دادەخرێن، هەروەها بڕیاردراوە توانای پاڵاوتنی پاڵاوگەی بازیان لە 38 هەزار بەرمیلەوە بۆ 80 هەزار بەرمیل زیادبكرێت‌و 3 پاڵاوگەش دابمەزرێن كە رۆژانە لەتوانایاندا بێت 50 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێون.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە