کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەکێتی چەند پۆستێکی گرنگ لە سەلاحەدین وەردەگرێت

.

03:38 PM - 24/03/2024

یەکێتی نیشتمانیی کوردستان وەک ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆی لە پارێزگای سەلاحەدین، چەند پۆستێکی گرنگ وەردەگرێت، لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیش دەڵیت: "ئەو پۆستانەی یەکێتی لە پارێزگاکە وەریدەگرێت بە کەسی شیاو پڕدەکرێنەوە و دەبینە خزمەتکاری سەرجەم پێکهاتەکان لە پارێزگاکە".

کەریم مەلا شوکر لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی، هاوکات کە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیشە لە بەغدا بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: " یەکێتی وەک ئیستحقاقی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لەپارێزگای سەلاحەدین چەند پۆستێکی گرنگ وەردەگرێت، ئەمەش دوای چەند جارێک کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارێزگاری نوێی شارەکە".

"لەگەڵ بەدر مەحموود فەحل پارێزگای نوێی سەلاحەدین رێککەوتوین کە پۆستەکانی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان و یاریدەدەری پارێزگار و دوو راوێژکار و ژمارەیەک بەڕێوەبەر لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، تەندروستی و شارەوانی لە پارێزگای سەلاحەدین وەربگرین"، کەریم مەلا شوکر وادەڵێت.
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە و تەنها یەک نوێنەری کوردی تێدایە، کە ئەویش نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

لێپرسراوەکەی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی راشیگەیاند: "یەکێتی بۆ ئەو پۆستانە کەسی شیاو لەناو خودی پارێزگاکە هەڵدەبژێرێت و دەیانکاتە خزمەتکاری خەڵک، ئەمەش ئەو راستییە نیشان دەدات کە تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانێت لەو پارێزگایە خزمەت بە کورد و پێکهاتەکانی دیکە بکات".

رۆژی یەکشەممە، 17-3-2024، ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە 13 دەنگ، بەدر مەحمود فەحلی وەک پارێزگاری نوێی سەلاحەدین هەڵبژارد.  

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق کە لە چوار پارێزگاری جێناکۆک ئەنجامدرا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانی لە هەر چوار پارێزگاکە کاندید بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان سەربخات، لەئێستادا تەنها دوو پارێزگایان کە (کەرکووک و دیالە)ـن بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە تائێستا نەتوانراوە پارێزگاری ئەو دوو پارێزگایە هەڵبژێردرێن، هاوکات لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین ئەنجومەنەکە پێکهێندراوە و پارێزگاری شارەکان دەستنیشان کراون.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە