.
12:03 PM - 21/06/2020
بە سیمبولبوونی سلێمانی لە خەباتی كوردایەتی و كوردەوارییەكی ئازاو ئازاددا، كەمكردنەوە نییە لە شەئنی هیچ شار و ناوچەیەكی تر و لە هیچ پارچەیەكی كوردستان، بەڵكو دانپێدانانێكی بەویژدانانەیە بە رۆڵی سلێمانی و شۆڕشگێڕان و رووناكبیرانی ئەم شارە لە برەودان بە رێبازی كوردستانیبوون و خوێندنگەیەكی ئیلهامبەخشی كوردایەتیی و كوردەواریی هاوچەرخیش بووە بۆ شۆڕشگێڕان و رووناكبیرانی شارەكانی ترو پارچەكانی تری كوردستان.
هەر لەخۆڕا نەبووە كە لەسەردەمی داگیركاریی ئینگلیزەوە لە بیستەكانی سەدەی رابردووەوە، سلێمانی وەك پێگەیەكی ستراتیژیی كوردستانیبوون و مەڵبەندێكی یاخی لە زوڵم و زۆرداریی، حسابی بۆ كرا و سەرەڕای چەندین هێرش و پەلامار و سیاسەتی سەركوتكردن، بەناچاریی مامەڵە لەگەڵ سلێمانی وەك مەڵبەندی حوكمداری و مەلیك مەحمودیش وەك حوكمداری سلێمانی و كوردستان دانی پێدانرا.
ئەگەرچی ئەو دانپێدانانە بەمەبەستی رامكردن و كۆیلەكردن بڕیاری لێدرا، بەڵام نەك هەرگیز رام نەكرا، بەڵكو شانبەشانی بەرەنگاریی چەكداریی، لەئاستی رووناكبیریی و رووناكبیرانیشدا لەو كاتەوە سلێمانی بووە پێشەنگی ئەدەب و رووناكبیریی مقاوەمەت، جگە لەوەش هەر سلێمانی لە 6/9/ 1930 داهێنەری خەباتی سیاسیی جەماوەریی بوو لەدژی پێشێلكردن و مافخورانی خەڵكی كوردستان لە پێكهێنانی عیراقدا.
سلێمانی بەو پێیەی سەنگەری خەباتی چەكداریی بەردەوام بووە لەدژی ستەمی داگیركەرانی ئینگلیز و رژێمی پاشایەتی و ئینتیداب، هەر ئەو رۆڵەی وایكردووە ببێتە سەنگەری خەباتی سیاسی و ئەدەبی مقاوەمەت، چ وەك پێكهێنانی كایەی حزبایەتی و چ وەك بزووتنەوەی رووناكبیریی و دەركردنی رۆژنامە و بڵاوكراوەی ئەدەبیی هاوچەرخ.
لەلایەكی تریشەوە سلێمانی بەهۆی ئەو پێگە رەسەنەی كوردایەتییەوە بۆتە پەناگەو مەئوای شۆڕشگێڕانی پارچەكانی تری كوردستان و ئیلهامبەخشی خەباتی سیاسی و رووناكبیریی لەسەر ئاستی تاك و رێكخراو.
رابەرانی بزووتنەوەی سیاسی و رووناكبیریی ئەم شارە وێڕای خەباتی نەپساوەی خۆیان بەهەر جۆرێك كە بۆیان رەخسابێت، هەمیشە هاوكارو پشتیوانی شار و ناوچەو پارچەكانی تری كوردستانیش بوون و بگرە بەشداریش بوون و رۆڵی دیاریشیان هەبووە لە برەودان بەهەر بزووتنەوەیەكی سیاسی و چەكداریی و رووناكبیرییش كە لەو شوێنانەی دیكە كراوە و خەباتەكەیان پەیامێك بووە بۆ هەموو شارو ناوچە و پارچەكانی تر.
سەرەڕای ئەوەی سلێمانی ئەو پێگە پرشنگدارەی هەبووە لە مێژووی كوردستانیبوون و كوردایەتیدا، بەڵام بەدرێژایی مێژووی خۆی چەندین حزبی تێدا دروستبووە و لە قۆناغێك لە قۆناغە زەمەنییەكانیدا ئەو حزبانە پوكاونەتەوە یان نەماون و یاخود لەناو رەوت و حزب و رێكخراوی تردا تواونەتەوە و شوێنەوارێكیان بەجێنەهێشتووە، بەڵام ئەوەی كە لەسەر بنەمای فیكرو خەباتی ئازایانە و ئازادانە پەروەردە بووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، كە سەرەڕای ئەوەی بەشی هەرە زۆری سەركردە و فەرماندە و شەهیدەكانی خەڵكی ئەو شارەو ئەو ناوچانەن، كە لە بازنەی زۆن و نفوزی یەكێتیدان، بەڵام خوێن و خەباتی ئەو تێكۆشەرانەی یەكێتی لە هەموو ناوچە و پارچەكانی كوردستاندا رژاوە.
ئەم شێوازی خەباتەی یەكێتی وایكردووە كە لەگەڵ سلێمانی بیانكاتە دووانەیەكی لێك دانەبڕاو، لەماوەی رابردووشدا سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵ و پیلانانەی لە یەكێتی و لە سلێمانی كراون و ئەو دۆخ و دژوارییانەشی لە چەند ساڵی رابردوودا بوونەتە ئاستەنگ بۆ یەكێتی لەسەر ئاستی حزبی و حكومی و جەماوەرییش، بەڵام بەجۆرێك خەڵكی سلێمانی و یەكێتی لەگەڵ یەكتری ئاوێتەبوون، زۆرێك لەوانەش كە رەخنە لە یەكێتی دەگرن، دەڵێن: ئێمە ئومێدمان بە یەكێتی- یە بتوانێت بە درێژەدان بە رێبازەكەی خۆی سلێمانی و هەموو كوردستان لەو قەیرانانە رزگاربكات كە بەبەردەوامی بۆی دروست دەكرێت.
بۆیە وەك دەبینین زۆر هێزو رەوتی سیاسی و لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی، هەوڵی ئەوە دەدەن سەربكەونە سەر شەپۆلی ناڕەزایی و یاخیبوونی سلێمانی و سوودی لێ ببینن، بەڵام ماوەیەكی كەم بڕ دەكەن و جڵەوی رابەرایەتیی خەبات هەر بەدەست یەكێتی-یەوە دەمێنێتەوەو ماوەتەوە و ئەوانەشی ویستوویانە بەسەر ئەو شەپۆلەوە مامەڵە بكەن، ئازایەتی و ئازادیخوازیی خەڵكی سلێمانی بە شەپۆلەكانی باڵی شكاندوون و لە نیوەی رێگە شەكەتی كردوون.
سلێمانی بەدرێژایی مێژووی پڕ لە مقاوەمەت و خەباتی خۆی، جگە لە خەباتی كوردستانی، ئامێزێكی گەرمیش بووە بۆ خەباتگێڕانی بەشەكانی تری كوردستان، ئەوەی سەلماندووە كە هیچ بزووتنەوە و رەوتێكی پۆپۆلیست ناتوانێت رامی بكات، بەڵكو تەنها رامكەر و دڵخوازی ئەو هێزەیە كە ئاڵای كوردستانیبوونی هاوسەنگ و كوردایەتیی هاوچەرخی بەدەستەوەیە، كە تا ئەمڕۆش ئەو هێزە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، كە نایەوێت دەستوەربداتە شكڵ و شێوەی خەباتی خەباتگێڕانی پارچەكانی ترەوە، بەڵام ئەوەشی پێ قبوڵ ناكرێت هەندێك كەسی بێ پرەنسیپ و گومانلێكراو بەناوی خەباتی كوردایەتییەوە سلێمانی بكەنە پەناگەیەك و گیرۆدەی بكەن بە كێشەو گرفتی لابەلاوە، بەجۆرێك دۆخەكە لە خەڵكی سلێمانی و كوردستان و خەباتگێڕە راستەقینەكانی كوردایەتیی پارچەكانی تریش بشێوێنن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە