کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئه‌حمه‌د رازی بەهۆی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد

.

10:20 AM - 21/06/2020

 بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەرزشی عێراق بە تایبەتی و وڵاتانی عەرەب و كیشوەری ئاسیا بە گشتی هەواڵێكی داَتەزێن و ناخۆشی پێگەیشت، كاتێك میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە و كە ئەحمەد رازی ئەستێرە و ئەفسانەی پێشووی تۆپی پێی عێراق بەهۆی پەتای كۆرۆناوە گیانی لە دەستداوە.
لە سەعات 8 و 30 دەقیقەی بەیانی ئەمڕۆدا میدیاكانی عێراق بە شێوەیەكی رەسمی بڵاویانكردەوە كە دوای تێكچوونی باری تەندروستی، ئەحمەد رازی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە و هۆكارەكەشی تووشبوونی ناوبراو بووە بە پەتای كۆرۆنا.
لە ماوەی رابردوودا سەرچاوەكانی هەواڵ ئاشكرایانكرد: كە ئەحمەد رازی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عیراق تووشی ڤایرۆسی كۆڤید نۆزدە بووە و باری تەندروستیشی جێگیرە و لە نەخۆشخانە چارەسەری تەندروستی پێویستی بۆ ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا میدیا عێراقییەكان رایانگەیاند: كە ناوبراو باری تەندروستی بەرەو خراپ بوون رۆیشتووە و سەرجەم ئاماژەكانیش باس لەوە دەكەن: ئەو یاریزانەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق لە سەرە مەرگدایە.
ئەحمەد رازی هەمیش ساڵحی لە 21 ی 4ی 1964 لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق لە دایك بووە، هەر لە سەرەتای تەمەنی لاوێتیدا دەستیكردووە بە یاری تۆپی پێی و بەهۆی ئاست و توانا بەرزەكەشییەوە رووی كردۆتە یانەی زەورا و دواتریش یاری بۆ یانەكانی كەرخی عێراقی و وەكرەی قەتەڕی كردووە.
ناوبراو لە 121 یاری نێودەوڵەتیشدا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداری كردووە و خاوەنی 62 گۆڵیشە، هەروەها ئەحمەد رازی خاوەنی تاكە گۆڵی هەڵبژاردەی عێراقە لە مێژووی جامی جیهانی، كە لە مۆندیالی 1986 ی وڵاتی مەكسیكدا بەرامبەر بە هەڵبژاردەی بەلجیكا تۆماری كرد، دوا بە دوای گیان لە دەستدانی ناوبراویش شەقامی وەرزشی عێراقی بە تایبەتی وڵاتانی عەرەبی بە گشتی دڵتەنگی خۆیان بە گیان لە دەستدانی ئەو ئەستێرە دەربڕی.
لە هەمان كاتیشدا دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵیش لە بەیاننامەیەكی رەسمیدا سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو یاریزانە كرد و دڵتەنگی خۆشی دەربڕی بۆ لە دەستدانی ئەو كەسایەتییە وەرزشییە ناوادارەی عێراق و وڵاتانی عەرەبی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە