کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پێدەچێت مووچەی هێزەكانی ناوخۆ بەڕێژەی 34% كەمبكرێتەوە

.

05:09 PM - 19/06/2020

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان داوا لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكانی سەر بە وەزارەتەكەی دەكات، كە مووچەی هەموو یەكەكانیان بۆ بنێرن‌و لە كۆی مووچەی بنەڕەتی‌و دەرماڵەكان لەسەدا 34ی لێ كەم بكەنەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست كەناڵی گەلی كوردستان كەوتووە، وەزارەتی ناوخۆ داوای لە بەڕێوەبەری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكان كردوە، كە بڕی پارەی پێویستیان بۆ مووچە بۆ جیا بكەنەوە‌و بكرێت بە دوو بەش، بەشێكیان بەڕێژەی لەسەدا 66‌و ئەوی تریان لەسەدا 34، بۆ ئەوەی بزانن ئەگەر بڕیار لە كەمكردنەوەی مووچە بدرێت‌و لەسەدا 34 كەمبكرێتەوە، ئەوا وەزارەتی ناوخۆ بۆ دابینكردنی مووچە پێویستی بە چەند ملیار دینارە لە مانگێكدا.
سەرچاوەیەكیش لە هێزەكانی ناوخۆ بە گەلی كوردستانی راگەیاند، ئەگەر بڕیار لە كەمكردنەوەی مووچە بدرێت، هەموو ئەفسەر‌و كارمەندان‌و فەرمانبەرانی شارستانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەگرێتەوە، چونكە لەو داواكارییەی وەزارەتی ناوخۆ ناردویەتی جیاكاری نەكردوە‌و دەڵێت، بەڕێژەی لەسەدا 34 لە كۆی مووچەی ئەفسەر‌و كارمەندان كەمبكرێتەوە‌و دیاری بكرێت كە بڕەكەی چەندە، هەروەها باقیەكەشی كە دەكاتە لەسەدا 66 دیاری بكرێت‌و بەپەلە بۆ وەزارەتی ناوخۆی بنێرن.
هاوكات بڕیارە سبەینێ‌ لە شاری هەولێر كۆبونەوەیەكی فراوان لەنێوان وەزارەتەكان بكرێت، بۆ قسەكردن لەسەر كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران یاخود بڕینی بەشێك لە دەرماڵەكان. ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، تەنها مووچەی پلە باڵا‌و تایبەتەكان كەمدەكرێتەوە‌و دەستكاری مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی ناكرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە