کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

فراكسیۆنی یەكێتیی ئیدانەی ئۆپراسیۆنە سەربازیەكەی توركیا دەكات

.

08:51 PM - 17/06/2020

 ماوەی دوو رۆژە سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان ئۆپراسیۆنێكی سەربازی  دەستپێكردوەو سەروەری خاكی عیراقی بەزاندوە، هاوكات تۆپخانەكانی ئێران  گوندێكی سنوری حاجی ئۆمەران بۆردومان دەكەن، فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق  لەراگەیەنراوێكدا ئیدانەی  ئەو پەلامارە سەربازیانە دەكات. لەراگەیەنراوەكەی فراكسیۆنیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا هاتووە: بەتوندی ئیدانەی پەلاماری بێ هۆكاری هێزە سەربازیەكانی توركیا لەناو خاكی عیراق و بۆردومانە هەڕەمەكیەكانی فڕۆكە جەنگیەكان و هیلیكۆپتەرەكانی بۆ سەر كەمپی ئاوارەكان لە شنگال و مەخموری سەربە پارێزگای نەینەوای دەكات،  و هەروەها بۆردومانی ناوچەب حەفتانین و ناوچەكانی تری پارێزگای دهۆك كە  گوندێكیان دەر ئەنجامی ئەو بۆردومان و پەلامارە سەربازیانە  بەتەواوی خاپوركردوەو دانیشتوانەكەی ئاوارەبوون و ناچار بەجێهێشتنی شوێنی خۆیان كراون.   لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە: هەروەها ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا لەناوچەی برادۆستی هەولێر  كە بۆتە هۆی ئاوارەبوونی  دانیشتوانی ناوچەكە و تووشی ترس و دڵەڕاوكێی كردون و مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست بووە. تەئكیدیشكراوەتەوە لەوە كە بۆردومانی تۆپخانەكانی ئێران  بۆ سەر گوندێكی ناوچەی حاجی ئۆمەران كە هاوكاتە لەگەڵ پەلامارو بۆردومانە سەربازیەكانی توركیا، بەزاندنی  سەروەری خاكی عیراقەو پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتیەكانەو بەتوندی ئیدانەی دەكات.  فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داواشی لە حكومەتی عیراق كردووە هەڵوێستی توندو جدی لەو بارەیەوە هەبێت و رێگری لەو هێرشانە بكرێت بەتایبەت توركیا كە بەبەردەوامی ئەو سنورانە بۆردومان دەكەن و هاوكات كۆمەڵی نێودەوڵەتیش رۆڵیان هەبێت و ئەو هێرشانە رابگرن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە