کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئیبراهیمۆڤیچ رۆیشتنی لەلۆس ئەنجلوس گالاكسی راگەیاند

.

03:16 PM - 14/11/2019

 زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی سویدی و هێرشبەری یانەی لۆس ئەنجلوس گالاكسی ئەمریكی نامەیەكی ماڵئاوایی ئاراستەی یانەكەی و هاندەرانی كرد و لەرێگەیەوە رۆیشتنی خۆی لەكۆتایی ئەمساڵ راگەیاند.
گرێبەستی ئیبراهیمۆڤیچ لەگەڵ لۆس ئەنجلوس گالاكسی لەكۆتایی ئەمساڵدا تەواو دەبێت، ماوەیەكیشە ناوی ئەو هێرشبەرە سویدیە بەژمارەیەك یانەوە بەستراوەتەوە  كە دیارترینیان یانەكانی میلان و ناپۆلی و بۆلۆنیا لە ئیتاڵیا لەگەڵ مانچستەریونایتدی ئینگلیزی.
ئیبراهیمۆڤیچ نامەیەكی لەرێگەی پەرەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردۆتەوە كە دەڵێت: ئامادەبوم، بینیم، بردمەوە و شكستم هێنا، سوپاس بۆ لۆس ئەنجلوس گالاكسی لەبەرئەوەی وات لێكردم هەست بكەم من جارێكی تر لەژیاندا ماوم. هەر لە نامەكەیدا دەڵێت: بۆ هاندەرانی گالاكسی ئێوە زڵاتانتان دەویست، زڵاتانم بۆ هێنان، ماڵئاوا هەر لەخۆشیان بن، بەڵام چیرۆكەكە بەردەوام دەبێت و لەئێستاوە بگەرێنەوە بۆ بینینی یاری بەیسبول.
لای خۆیەوە یانەی لۆس ئەنجلوس گالاكسی ئەمریكی لەسەر زاری كریس كلاسینی سەرۆكی رۆیشتنی ئیبراهیمۆڤیچی لەكۆتایی ئەمساڵ دووپاتكردەوە و سوپاسی یانەكەی ئاراستەی ئەو یاریزانە كرد كە هاوكار بووە لەیاریەكانیدا لەدوای هاتنی لەساڵی 2018وە. ئاماژەی بەوەشكردووە : زڵاتان كاریگەری باشی لەسەر تۆپی پێ لە یانەكە و ئەمریكا بەجێهێشتووە، جێی باسە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ لەكۆی 53 یاری خولی ئەمریكی 52 گۆڵی تۆماركردووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە