کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كڵێسای نۆتردام مێژووی دروستكردنی دەگرێتەوە بۆ 850 ساڵ

.

12:19 PM - 16/04/2019

كڵێسای نۆتردام مێژووی دروستكردنی دەگەرێتەوە بۆ 850 ساڵ و دەكەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری پاریس لەسەر ڕوباری سین، لەسەر دەمی لویسی حەوتەم لەسەدەی 13 دروستكراوە و لە نێوان ساڵانی 1160 بۆ 1345 بە چەندین قۆناغی جیاجیا نۆژەن كراوەتەوە و فراوانكراوە. كڵێسای نۆتردام جگەلەوەی نمونەیەكی پێشكەوتوی هونەری ئەندازیارییە، هاوكات سیمبولێكی گەورەی ئاینیشە لەفەرەنساو ئەوروپادا.
نۆتردام یەكێكە لە بەناوبانگترین شوێنە سەرنجڕاكێشەكان بۆ گەشتیاران و ساڵانە 13 ملیۆن گەشتیار سەردانی دەكات. كڵێسای نۆتردام درێژیەكەی 128 مەترەو پانیەكەشی نزیكەی 48 مەتر، دوو تاوەری هەیە یەكێك بەرزییەكەی 90 و مەترە و ئەوی تریان 69 مەترە و 10 زەنگی هەیە كە لە كاتی بەرێوەچوونی مەراسیمە ئایینییەكاندا لێدەدرێت.لە بەشی دەرەوەی و ناوەوەی كڵێساكە چەندین وێنە دروستكراون كە زۆربەیان باس لە پەرەكانی مێژووی ئەو سەردەم و قۆناغانە دەكەن كە كڵێساكەی تێدا دروستكراوە. هەروەها لە بەشی دەروەی بیناكە و بە چواردەوریدا پەیكەری چەندین پاشا و پیاوی ئاینی دروستكراون،جگە لە وانەش چەندین شێوازی جیا لە پەیكەر هەیە كە بە وتەی شارەزایان گوزارشت لە( هێزی خراپەكار) دەكەن و بە شێوازێك دروستكراون كە بیرۆكەی دروست كردنەكەی ئەوە دەگێرێتەوە كە هێزی خراپەكار لە هەموو شوێنێكدا هەیە. چیرۆك و ئەفسانەكان لە سەر نۆتردام زۆرن و تاكو ئێستاش زۆربەی هەرەزۆری فەرەنسی و ئەوروپییەكان بروایان هەیە كە ئەو چیرۆك و ئەفسانانە راستن ،لەوبارەوە میشێل فۆ كە رێنشیاندەری گەشتوگوزارییە و شارەزاییكی زۆریش لە سەر مێژووی دروستكردنی نۆتردام هەیە دەڵێت: كاتێك كە نۆتردام دروستكرا ویستیان دەرگایەیەكی زۆر پتەو و بێ وێنەی بۆ دروست بكەن، تەنها كەسێكیش كە پشتیان پێبەست كەسێكی بەتوانا بوو بەناوی بیسكۆغنێ ئەم كەسە بە پێی گێرانەوە مێژوییەكان تەنها لە یەك شەودا ئەوەی داوای لێكرابوو دروستكرد ئەویش روپۆش كردن و نەخشاندنی دەرگای نۆتردام بوو بە ئاسن كە ئەو كارە گەورەیە و تەواوكردنی لەیەك شەودا كارێكی مەحاڵ بوو. میشێل فۆ دەشڵێت دوای یەك رۆژ لە تەواوكردنی كارەكەی بیسكۆغنێ بە مردووی لە ماڵەكەی خۆیدا دۆزرایەوە هەربۆیە باس لەوە دەكرێت ئەو وەستا كارامەیە بۆ دروستكردنی ئەو دەرگایە پشتی بە هێزێكی خراپەكار بەستووە و لە بەرامبەریشدا رووحی خۆی پێبەخشیوە. یەكێكی تر لە ئەفسانە بەناوبانگەكانی نۆتردام بریتییە لە چیرۆكی كازیمۆدۆی-ە كە بە (نۆتردامی پشتكور ناسراوە) كە كورێكی بێ دایك و باوك بووە و لە كڵێسەی نۆتردامدا ژیاوە و عاشقی كچێكی كۆچەری دەبێت ، كاتێك بریاری لە سێدارەدان بۆ ئەو كچە دەردەچێت لە لاین دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەوە ، كازیمۆی ژیانی خۆی دەكاتە مەترسییەوە و ئەو كچە لە كاتی لە سێدارەدانیدا لە بەردەم پەتی لەسێدارەدان رزگار دەكات كە نوسەری بەناوبانگ ڤیگتۆر هیگۆ كردویەتی بە رۆمان و دواتر رۆمانەكە كراوە بە فیلم و ناوبانگێكی زۆری لە سینەمادا پەیدا كرد. ئێوارەی 15-4-2019 كڵێسەی نۆتردام، لە كاتی نۆژەنكردنەوەیدا گڕی گرت و بەشی زۆری سوتاوە، هەرئەوەش نیگەرانی  خستووەتە ناو دڵی هاووڵاتیانی ئەو شارەو گەشتیاران، لەبەر ئەوەی جگە لەمێژووییەكەی بەجوانترین بینای ئەوروپا دادەنرێت

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە