کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

فراكسیۆنی یەكێتی هەوڵ بۆ دامەزراندنی یەكەمی زانكۆکان دەدات

.

10:49 AM - 23/05/2024

نزیكەی 11 هەزار دەرچووی یەكەم لە زانكۆو پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵەكانی 2017-2018 تا 2022-2023  هەیەو فراكسیۆنی یەكێتیش لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەوڵ بۆ دامەزراندنیان دەدات.

 

لەو بارەیەشەوە هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "وەك فراكسیۆنەكەمان هەموو كارێك دەكەین بۆئەوەی هاوشێوەی یەكەمی زانكۆكانی عیراق، یەكەمی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانیش بەپێی پسپۆڕییان دابمەزرێن كە ژمارەیان نزیكەی 11 هەزار دەرچووە".

 

"فراكسیۆنەكەمان لەگەڵ ئەنجومەنی راژە لە عیراق چەند جارێك لەسەر ئەو پرسە كۆبووەتەوەو داوامان لێكردون كە یەكەمی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دابمەزرێن، بەڵام كێشەیەك هەیە، كە تائێستا بەشێك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراقەوە بەڕەسمی دانیان پێدا نەنراوە، بۆیە پێویستە سەرەتا ئەو زانكۆیانە بەرەسمی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بناسێندرێن، پاشان هەوڵەكانمان چڕبكەینەوە بۆ دامەزراندنی یەكەمی زانكۆكانی هەرێم، ئەمەش لەكاتێكدایە كە زانكۆكانی ناوچە كێشەلەسەرەكانیش پێویستیان بە دۆزینەوەی رێگاچارەیەك هەیە، چونكە ناكرێت لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق دا ئەو زانكۆیانە پشتگوێ بخرێن"، هەرێم كەما ئاغا وادەڵێت.

 

وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدان بۆئەوەی یەکەمەکانی هەرێم دابمەزرێن، بۆ ئەو مەبەستەش خوێندنی باڵای عیراق داوای لیستی یەکەمەکانی هەرێمی کردووە.

 

بەدریە ‌‌‌‌‌حسێن ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان  PUKMEDIA ی رایگەیاند:" وەك ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی و ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەموو هەوڵێك دەدەم كە بڕیاری دامەزراندنی خوێندكارە یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە".

 

"لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان و عیراق لەپەیوەندیداین بۆ ئەوەی بڕیاری دامەزراندنی یەكەمەكان هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، بۆ ئەمەش داوای لیستی یەكەمەكانمان لەحكومەتی هەرێم كردووە، چونكە یەكەمەكانی هەرێمی كوردستانیش مافی خۆیانە لەو بڕیارە سوودمەند ببن"، بەدریە حسێن وادەڵێت.

 

راشیگەیاند:" لەگەڵ ئەنجومەنی راژە لەعیراق گفتوگۆمان كردوەو لارییان نیە لەدامەزراندنی ئەو خوێندكارانە، بەڵام داوای لیستی ناو و كۆدی خوێندكارانیان كردوەو ئێمەش داوامان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم كردووە، كە ناوەكان بۆ ئەنجومەنی راژە بنێرن".

 

بڕیاری دامەزراندنی دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆکانی عیراق هەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە هەوڵدایە کە ئەو بڕیارە دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمیش بگرێتەوە، چونکە یەکێتی ئەو بڕیارە بە مافی دەرچووەکانی هەرێمیش دەزانێت و دەیەوێت لەو مافە بێبەش نەبن و یەکەمەکانی هەرێمیش دابمەزرێن کە ژمارەیان نزیکی 11 هەزار دەرچووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە