کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەکێتی تانە لەبڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن دەدات

.

11:18 AM - 22/05/2024

بەهۆی بوونی چەند بڕگەیەکی نایاسایی و بێبەشکردنی بازنەی هەڵەبجە لە کورسی کۆتای پێکهاتەکان، ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تانە لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن دەدات و داوادەکات بازنەی هەڵەبجەش لە کورسی کۆتای پێکهاتەکان بێبەشنەکرێت.

 

تەلار لەتیف لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند:" بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن لەبارەی دابەشکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لەپەرلەمانی کوردستان بڕگەی نایاسایی تێدایە و تانەمان لەبڕیارەکە داوە".

 

" بەپێی بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، ٥ کورسی لەکۆی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان بۆ کۆتای پێکهاتەکان  دیاریکراوە، کە دابەشکراون بەسەر هەر ٣ بازنەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک-دا، بەڵام بازنەی هەڵەبجەی لێ بێبەشکراوە و داوا دەکەین ئەو بازنەیەش کورسی کۆتای بۆ دابنرێت"، تەلار لەتیف وایوت.

 

لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتی راشیگەیاند:" دەمانەوێت پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان لەپەرلەمانی کوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی داکۆکی لەمافە رەواکانی خۆیان بکەن، بۆ ئەمەش یەکێتی پشتیوانیان دەبێت".

 

رۆژی ٢١-٥-٢٠٢٤ دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، بڕیاریدا ٥ کورسی لەکۆی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهاتەکان دیاریبکرێت، کە دابەشکراون بەسەر ٣ بازنەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و بازنەی هەڵەبجەی لێ بێبەشکراوە، لەوچوارچێوەیەشدا یەکێتی لەدادگای فیدراڵی تانەی لە بڕیارەکە داوە و داوایکردووە کورسی کۆتا بۆ پارێزگای هەڵەبجەش دیاریبکرێت.

 

بوونی کورسی پێکهاتەکان لەپەرلەمانی کوردستان دەستپێشخەری سەرۆک مام جەلال بووە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە پەرلەمانی بەشوێنی داکۆکیکردن لە مافی پێکهاتەکان زانیوە، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵیداوە پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەیان لە پەرلەمان هەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە