کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە هاوکاریەکانتان ناموسڵمانەکانمان لەبیر مەکەن

.

05:15 PM - 27/03/2024

مەلا ئیدریس ژاڵەیی

 

لە خێر و هاوکاریەکانتان کاکەیی و مەسیحی و ناموسڵمانە هاوشاری و هاونەتەوە و هاونیشتمانیەکانمان لەبیر مەکەن

لەم بارودۆخە سەخت و بێ موچەیی و بێ بازاڕیەی کە ڕووبەڕووی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی نێوان پێکهاتە و ئاین و مەزهەبی جیاواز  بوەتەوە و هەموو گرفتار بوون بێگومان ئەم توشهاتانە لە ڕووی شەرعەوە وەک ڕوداوێکی نوێ و هاتوو فتوا و ئیجتیهادی تایبەت دەخوازێت ، یەکێک لە دەستبار و هاوکاریەکان کە کارێکی پیرۆزە و پیت و بەرەکەتی سامان و سەلامەتی سەر و ماڵ و هۆکاری بتەوبونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و دروستبونی خۆشەویستی و یەکڕیزی نێوانمانە بەخشین و سەدەقەی خێر و زەکات و سەرفیترەی مانگی ڕەمەزانە کە خودای گەورە زەکات و سەرفیترەی لەسەر موسڵمانەکانمان پێویست کردووە و خێر و بەخشینیشی وەک کار و ئاکارێکی جوان پێنیشان داوین و بەڵێنی پاداشتی گەورەی داوە ، ناکرێت ئێمەی موسڵمان ئەوەندە بێ هەست و نابەرپرسیار بین بەرامبەر دراوسێکانمان " ئەوانەی کە موسڵمان نین" کە چەندین ساڵە باب و باپیرانمان پێکەوە ژیاون و لە شین و شادی یەکتری هاوبەش بوون ئێستە بەبەرچاومانە ئەوانیش هەژار و بێ موچە و موحتاج بن و ئێمەش هیچ هاوکاریەکیان نەکەین و لەپێش چاویان هاوکاری  دراوسێیەکانی دیکەمان  بکەین و بەخشین و زەکاتیان پێ بدەین  بەڵام دراوسێ یەکانی دیکەی لێ بێ بەش بکەین ، هیوادارم لێژنەی فتوا و زانایانی ئەهلی ئیجتیهاد بەتایبەت بۆ ئەم بارودۆخە سود لە ئەو ڕاوبۆچونانە وەربگرن کە ڕێگەیان داوە زەکات وسەرفیترە بدرێت بە ناموسڵمانەکانمان کە هاوزمان و هاو نەتەوە و هاو نیشتیمانیمانن ، 

لێرەدا بەکورتی  ئاماژە بەچەند سەرچاوەیەک و هەندێک ڕاوبۆچونی زانایانی ئیسلام سەبارەت بەم بابەتە دە خەمەڕوو  : 

سەرەتا  "ئیجماع " لەسەر ئەوەیە کە زەکات و سەرفیترە لە موسڵمان وەردەگیرێت و دەدرێت بە موسڵمان بە هەندێک بەڵگە،  بۆ نمونە :

 عن ابن عباسٍ رضي الله عنهما: أنَّ النبي ﷺ بعث معاذًا إلى اليمن .. فذكر الحديثَ, وفيه: أنَّ الله قد افترض عليهم صدقةً في أموالهم, تُؤْخَذ من أغنيائهم, فتُرَدُّ في فُقرائهم.

متَّفقٌ عليه, واللفظ للبخاري ، 

بە تێبینی ئەوەی ئەم" ئیجماع " ە تایبەتە بە زەکات و سەرفیترە کە پێویست کراوی سەر موسڵمانە ئەگینا خێر و سەدەقاتی جگە لە زەکات و سەرفیترە و هەموو جۆرەکانی دیکەی بەخشین و هاوکاری بۆ هەموو مرۆڤێک ی هەژار و نیازمەند کارێکی جوان و پیرۆزە و نەک بۆ مرۆڤ بۆ ئاژەڵیش کارێکە پاداشتی گەورە ی لەلای خودای گەورەوە لەسەر دەدرێ .

 ئەم ڕایانەی هاوەڵان و زانایان  لەسەر ئەوەی کە زەکات و سەرفیترە بە ناموسڵمانیش دەدرێ  ئەمانەی خوارەوەن : 

یەکەم : پێشەوا ئەبو حەنیفە بە دروستی دەزانێت زەکاتی سەرفیترە بدرێت بە ناموسڵمان ، (ابن قدامە) دەڵێت : عەمری کوڕی مەیمون و عەمری کوڕی شەرحەبیل و مەڕەی هەمەزانیش سەرفیترەیان داوە بە ڕاهیبەکان (المغني  2 - 151)  .

دووەم : ئیمامی عومەر "ڕەزای خودای لەسەربێت  "  "المساکین" لە ئایەتی  " ٳنما الصدقات للفقراء و المساكين  " بە پیر و پەککەوتەی ئەهلی کیتاب لێکدەداتەوە کە توانای کار و کەسابەتیان نیە (ابن ابي شيبة في المصنف2 -401)  بەهەمان شێوە عیکریمەش هەروا دەفەرموێت، هەروەک تەبەری ئاماژەی پێدەدات ،...( زفر)یش لە حەنەفیەکان  (مبسوط 2 - 199) بۆچونی وایە ئایەتی زەکات بە پێ ی واتا گشتیەکەیەتی دەکرێت بدرێتە زیمی ناموسڵمان و مەبەستیش دەوڵەمەندکردنی هەژارە لەبەر ڕەزامەندی خوا، ئەوەش بەدی دێت ...

قورتوبیش دەڵێ : (فقراء) بە گشتی ئەوە ناخوازێت کە بەتەنها تایبەت بێت بە موسڵمانان و زیمییەکان  " ناموسڵمانەکان  " نەگرێتەوە،  هەروەها عیکریمەش وتویەتی (فقراء) : موسڵمانە نەدارەکان دەگرێتەوە ، (المساکین) هەژاری ئەهلی کیتاب دەگرێتەوە. (جامع الاحكام  2 - 151) .

ڕووکاری ئایەتەکانی قورئان لەگەڵ ئەوەیە هەموو ئەو وشانە (الفقراء ، المساكین،  المٶلفة قلوبهم، ابن السبيل ، الغارمين )وشەی گشتی و (عموم)ن  ،فەرمودەی  (تؤخذ من اغنيائهم و ترد علی فقرائهم) تایبەتی ناکات ،... ئەو قەومەشی ئەم فەرمودەیەیان ئاراستە کراوە نەسرانی تازە موسڵمان بوون ، دیاریش نییە ناموسڵمانەکانی لێ بێبەش کرابێت ... ئەمە جگە لەوەی (المؤلفة قلوبهم) هێشتا موسڵمان نین ، موسڵمانی تەواو و دامەزراو نین و هیوای هاتنە نێو ئیسلامیان لێدەکرێت جا ئەگەر دروست بێت بە سەرکردەکانیان بدرێت تاوەکو هۆگریان کەن بە ئیسلامەوە و لە زیان و دوژمنکاریان بە دوور بن، ئەوا لە پێشترە بدرێتە هەژار و نەدارەکانیان، چونکە زیاتر پێویستیان بە سۆز و بەزەیی و چاکە و چاکە خوازی هەیە.

دووەم :  بەپێی بڕیاری ئەمیری ئیمانداران عومەری کوڕی خەتاب "ڕەزای خودای لەسەربێت"  بەهۆی ئەوەی کە لە ئیسلامدا زەکات سەرچاوەی ژیانی هاووڵاتی هەژارە کەواتە گوزەرانی هاوڵاتیە هەژارەکانی ئەهلی زیممەش" ناموسڵمان " لە زەکات دابیندەکرێت ڕێک وەک گوزەرانی هاوڵاتیە هەژارە موسڵمانەکان .

سێیەم : ئیمامی کاسانی لە  (بدائع الصنائع 2 - 137)باسی یەکسانی نێوان موسڵمان و ئەهلی زیمە " ناموسڵمان "دەکات لەو مافە یاساییانەش  ئەوەیە ئەگەر ئەهلی زیممە نەیتوانی ژیان و گوزەرانی خۆی دابین بکات ئەوا لەخانەی سامان (بیت المال) موچەی ژیان و گوزەرانی بۆ دابین دەکرێ، عومەری کوڕی خەتاب و عومەری کوڕی عبدالعزیز خوایان لێ ڕازی بێت بەم شێوەیە بڕیاریانداوە .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە