کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

د.ئامانج ڕەحیم وردەكاری پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق دەخاتەڕوو

.

11:21 PM - 09/06/2023

د.ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران:
بە گوێرەی هەردوو بڕگەی یەکەم و دووەم لە ماددەی ١٢ ی یاسای بوودجەی عێراق کە ئێستا پەسەندکرا کۆی گشتیی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣، لە ئەگەری خەرجکردنی ١٠٠%ی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە دەکاتە 18 ترلیۆن و ٣١٠ ملیار دینار و مانگانە دەکاتە 1 ترلیۆن و ٥٢٦ ملیار دینار.
وبەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:

 یەکەم: تەرخانکراویی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق مانگانە کە پێویستە بدرێت بە هەرێمی کوردستان دەکاتە بڕی ٨٨٧ ملیار دینار، ئەویش بۆ تەواوی مانگەکانی سێ ساڵی ٢٠٢٣ تاوەکو ٢٠٢٥ بەم شێوەیە:

١- بەپێی مادەی (١٢/ دووەم) و مادەی (١١/ دووەم-ه) بڕی ٩ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار لە چوارچێوەی خەرجییە رەوەنەکان (النفقات الجاریە) بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە مانگانە دەکاتە ٧٧٥ ملیار دینار کە ژمارەیان بە ٦٨١ هەزار و ٩٧٩ فەرمانبەر دەستنیشانکراوە، کە لە چاو ساڵی ٢٠٢١ ئەم تەرخانکراوە زیادیکردووە بە بڕی ٣ ترلیۆن و ٥٢٥ ملیار دینار و ئەمەش دڵخۆشکەرە.

٢- بەپێی مادەی (10/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ه)، بڕی 1 ترلیۆن و ٣٤٦ ملیار دینار وەک خەرجیی مووچەی خانەنشینی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە لە مانگێکدا دەکاتە بڕی 112 ملیار دینار کە ئەمەیان بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ کەمی کردووە بە بڕی ٥٥٥ ملیار دینار.

دووەم: جگە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی (10/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ه)، هەر لە ناو خشتەی خەرجییەکانی رەوان بڕی 2 ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە بۆ (پێداویستییەکانی کاڵا، پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری، چاککردنەوەی مەوجودات، یارمەتییەکان و  خەرجییەکانی دیکە).
 
سێیەم: پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی پەیوەست بە سەرمایە (النفقات الرأسمالیە):
بەپێی مادەکانی (٢/ یەکەم-٤)  و  (١١/ دووەم-ه)، بڕی 2 ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
و بەپێی مادەکانی (٢/ یەکەم-٤) و مادەی (١١/ دووەم-ه)، بڕی 276 ملیار و ٥٥٠ ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکراوە.

لە بارەی ئەم تەرخانکردنە، گرنگە بزانین کە  ئەو داهاتە راستەقینەی کە عێراق ئەگەری هەیە دەستی بکەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن دەڕوات. ئەوەش کە لە بودجەی عێراق وەک خەرجییەکانی وەبەرهێنان یان (خەرجی سەرمایە) بۆ پڕۆژەکان و پەرەپێدان تەرخانکراوە، دانراوە کە لە رێگەی قەرزەوە دابین بکرێت و چووەتە چوارچێوەی کورتهێنانەوە کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان لە سەرتاسەری عێراق، بەڵام هەروەک مورەکەبی سەر کاغەز بووە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج نەکراوە.

ئەمە بۆ تەرخانکراوی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیش راستە، سەرەڕای ئەوەی بڕی 2 ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، بەڵام ئەگەر وەک ئێستا هەر لەسەر بنەمای خەرجیی فیعلیی بێت ئەوا ئەم تەرخانکراوە لە ژمارە زیاتر هیچی تر نییە و بە فیعلیی هیچی لێ خەرج ناکرێت بۆ هەرێمی کوردستان.
 
 
 
چوارەم: داهاتی دەروازە سنوورییەکان:
داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕی ١ ترلیۆن و ٥٦٠ ملیار بۆ ساڵیک خەمڵێندراوە لەلایەن عێراقەوە و بەپێی مادەکانی (١٩/ دووەم) و (١١/ دووەم-ه)، بڕی 780 ملیار دینار وەک ٥٠%ی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
 
پێنجەم: پێترۆ دۆلار:
بەپێی مادەی (٢/یەکەم-٥أ)، بڕی 664 ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار  وەک پشکی هەرێمی کورستان لە  داهاتی فرۆشی نەوتی خاو، (٥% ی داهاتی نەوت)، لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
 
شەشەم) مووچەی پێشمەرگە:
٢٢٨ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار وەک بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوی وەزارەتی بەرگری بۆ مووچەی پێشمەرگە رەچاوکراوە.

حەوتەم: پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بۆ تەواوی ساڵی 2023 بە بڕی 1 ترلیۆن و ٢٥٧ ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بە کاش هەژمار نەکراوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەم خەرجییانە بە شێوەی عەینی دەنێردرێن بۆ هەرێمی کوردستان نەک بە پارەی کاش.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە