کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بە بڕیاری دادگای فیدراڵی چیتر عیراق 200 ملیارەكە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت

.

05:50 PM - 25/01/2023

دادگای باڵای فیدراڵی عیراق ئەو بڕیارانەی تایبەت بوون بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، كە بڕەكەی 200 ملیار دینار بوو هەڵوەشاندەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/1/25 دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لە سەر دوو سكاڵا لە بارەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو و ئێستای عیراق كۆبووەوە كە تایبەتن بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، سكاڵاكان لە لایەن مستەفا جەبار سەنەد _ پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەارنی عیراق و محەممەد مەیاحی _ پارێزگاری واستەوە تۆماركرابوون.

ئەو دوو سكاڵاكارە داوایانكردبوو كە بڕیاری ژمارە (8 ساڵی 2022) و بڕیاری ژمارە (194،226،257، 401 ساڵی 2021) ی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق هەڵبوەشێرێنەوە كە پاڵپشت بوون بۆ ناردنی بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان.
 
داواكاریەكە ژمارە ( 170 ی / فیدراڵی / 2022) ی پێدرابوو، و پێشتریش سێ جاری تر دواخرابوو، دوایین جاریش  2023/1/18 بوو، ئەوە بوو ئەمڕۆ جارێكی تر دادگای  باڵای فیدراڵی عیراق لەو بارەیەوە كۆبووەوە.
 
لە كۆتاییشدا ئەمڕۆ مستەفا جەبار سەنەد _ پەرلەمانتاری سكاڵاكار، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا لە ناو بارەگای دادگای فیدراڵی رایگەیاند: ئەمڕۆ بڕیارێكی مێژوویی درا، دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراقی دەركرد كە تایبەت بوون بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، كە پێچەوانەی یاسا و دەستوور بوون.

سەنەد راشیگەیاند: بەم شێوەیە توانیمان بە هەدەردانی پارە بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو رابگرین، ئەمەش سەركەوتنی حەقە و رەگەزپەرستی نییە بەرامبەر بە گەلەكەمان لە هەرێمی كوردستان، وە ئەمە كاركردنە بە دەستور و یاسا و دژایەتی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و ئێستای عیراق نییە.
 
جێگای ئاماژە بۆكردنە: لە ساڵی 2022 دا تەنها سێ جار بڕی 200 ملیارەكە لە بەغداوە نێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە