.
06:40 PM - 24/01/2023
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم پێشوازی کرد لە ڕۆزماری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و لەبارەی پرسەكانی هەڵبژاردن و وزە و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كرد.
لە کۆبوونەوەیەکەدا کە (24 کانوونی دووەمی 2023) بەڕێوەچوو، جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بۆ پەرلەمانی کوردستان کرایەوە. قوباد تاڵەبانی لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکەی بۆ شاندی میوان ڕوون کردەوە کە بریتین لە؛ سیستم و بازنەکانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، کورسی کۆتا و پێکهاتەکان لەگەڵ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، داواشیکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و مسۆگەرکردنی بەڕێوەچوونی دروستی پرۆسەی هەڵبژاردن تا ببێتە بنەمای نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، پێکهاتە و کەمینەکان ڕێز لێ گیراون لە هەرێمی کوردستان، زۆریش مەبەستیانە ئەم پێکهاتانە، ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆ و نوێنەرایەتی تایبەتی دڵخوازی خۆیان کە دوور بێت لە دەستوەردانی حیزب و هێزە سیاسییەکان.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری گشتگیر و درێژخایەن کردەوە بۆ کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە جۆرێک کە سەقامگیری سیاسی و ئابووری لێ بکەوێتەوە، لەم پێناوەشدا ئامادەیی بۆ هەموو هەنگاوێک دەربڕی لەسەر بنەمای دەستوور و لێکگەیشتنی هاوبەش.
لەبارەی دۆسیەی وزە، قوباد تاڵەبانی بۆ شاندی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕوون کردەوە ئەوان مەبەستیانە خەڵکی کوردستان سوودمەندی یەکەم بن لە سەرچاوەکانی وزە بەتایبەت غازی سروشتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و باشترکردنی خزمەتگوزاییەکان بەکاربهێنرێت.
لەبەشێکی تری دیدارەکەدا باسی دۆخی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان کرا و تیایدا قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە باسی لە رۆڵی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کرد کە پایەی سەرەکی کۆمەڵگای مەدەنین، راشیگەیاند رێکخراوەکان رەخنە و گلەییان لە دەسەڵاتی سیاسی و هێزە سیاسییەکان هەیە و دەبێت رەخنە و گلەییەکانیان بە هەند وەربگیردرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی هەوڵەکانی جێنین پلاسخارتی کرد لە عێراق و کوردستان کە هەمیشە بنیاتنەرانە بووە و بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاوی گرنگی ناوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە