کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتیی عیراق لە كۆشكی سەلام بەڕێوەچوو

.

09:34 AM - 02/12/2022

كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتیی لە كۆشكی سەلام بەڕێوەچوو و جەختكرایەوە لەسەر پێویستی هەماهەنگی هەمەلایەنە و یەكخستنی گوتاری نەتەوەیی.

 كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عیراق لە كۆشكی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، كەهەریەك لە سەرۆك كۆمار دكتۆر لەتیف جەمال رەشید و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیر و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان ئامادەی بوون.

 لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی گشتی سیاسی و ئابووری و ئەمنی وڵات كرا، هەروەها ڕێگاكانی پاڵپشتیكردنی حكومەت لە جێبەجێكردنی بەرنامەی كاری خۆی تاوتوێكرا بە شێوەیەك كە دابینكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان مسۆگەر بكات.
 لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لەسەر گرنگی یەكخستنی گوتاری سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەروەها پێویستی دانانی ئەو قانونانە كرایەوە كە لە ڕێككەوتنە سیاسییەكەدا رەزامەندیان لەسەر دراوە لە ماوەی دیاریكراودا بە قانون بكرێن.

 هەر لەو كۆبوونەوەیەدا جەختكرایەوە لەسەر پێویستی سوربوون لەسەر سازكردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵی داهاتوودا، وەك ئەوەی لە بەرنامەی كاری حكومەتدا جەختی لەسەر كراوەتەوە.

 هاوكات باس لە بارودۆخی ئابووری وڵات كرا، تەئكیدیشكرایەوە لەسەر پێویستی دانانی قانونی بودجە، هەروەها گرنگی بەهێزكردنی ڕێكارەكان بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی.

 هەر لە درێژەی ئەو دیدارەی سێ سەرۆكایەتیەكەدا، تاوتوێی بارودۆخی ئاوارەكان له وڵات كرا، هاوكات كۆبوونەوە جەختیكردەوە لە سەر پێویستی هەوڵدانی زیاتر بۆ كۆتاییهێنان بە ئازار و نەهامەتیەكانیان و كاركردن بۆ گە ڕاندنەوەیان بۆ سەرماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان بە شێوەیەك كە زامنی ژیانێكی شایستە و سەلامەت و سەقامگیریان بۆ بكرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە