کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پینە و پەڕۆ

.

03:53 PM - 23/11/2022

پینە و پەڕۆ

 حەسەن بێگەڵاسی

بەداخەوە كاتێك دەبینین پەرلەمانتار ئیدریس ئیسماعل كە خۆی بەنوێنەری خەڵك دەزانێت، ڕاستییەكان دەشارێتەوە و دەیەوێت بەپینە و پەڕۆكردن لەبەر چاوی خەڵك حقیقەتەكان پەردەپۆش بكات، لەو كاتەدا هیچ شتێك نامێنێتەوە بەناوی نوێنەری خەڵك و بەرگریكردن لە دەسكەوتەكانی هاونیشتمانیانی، ئیدیس ئیسماعیل عەبوش كاتێك باسی مامەڵەی ناتەندروست و وێنای حكومەتی هاونیشتمانی دەكات، كە جیاوازی نەكراوە و حكومەت بەیەكچاو سەیری كوردستان دەكات.  

من بەو پەرلەمانتار و ئەو كەسانەی لەگەڵ حزبەكەی ئەودا بەو عەقڵیەتە بیردەكەنەوە، دەڵێم ئەوەتا ئێستا یان لەخەودان یاخود بەئاگاهاتوونەوە بەڵام قوڕمیشكراون، لەسەر ئەوەی لای خۆیان چی دەگوزەرێت و لەزۆنی سەوز پلان و بەرنامەیان چییە، كاتێك پەرلەمانتارێك میسداقیەت لەدەست دەدات و ڕاستیەكان ناڵێت، تراژیدیاكە ئەوەیە بەرژەوەندیە خودییەكانی پێ لە بەرژەوەندیە گشتی و باڵاكانی گەلەكەی بەگەورەتر و پیرۆزتر بزانێت، ئینجا چیرۆكی تراژیدیاكە لەوێوە دەستپێدەكات.   

ئیدریس ئیسماعیل دەبوایە سەرەتا پێش قسەكانی وەكو نوێنەری خەڵك بیری لەپاراستن و بەرژەوەندیە باڵاكانی میللەت كردبایەوە، هەمدیسان وەكو نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكیش قسەی كردبا، نەوەك وەكو پارتی بەو عەقڵیەتە دیماگۆجی و خود پەرستییە باسی زۆنی سەوزی بكات، لەو پەرلەمانتارە و ئەمسالی ئەو پەرلەمانتارە دەپرسم ؟ بۆچی تا هەنووكە سەرۆكی حكومەت نەهاتووە یاخود قسەیەكی خێر و كرداری بۆ چارەسەركردنی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران لەزۆنی سەوز نەكردووە ؟ بۆچی سەرۆكی حكومەت كە خۆی بەسەرۆكی هەموو كوردستان دەزانێت نەهاتووە كێشەكانی خوێندكاران و كەرتی تەندروستی و كۆمپانیاكانی ژینگەپارێزی و كەمی خزمەتگوزارییەكان لەپارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و پارێزگای هەڵەبجە چارەسەر بكات و  بەدواداچوون بۆ گرفتەكانیان بكات ؟

كاكی پەرلەمانتار ئێمە دڵنیاین ئێوە و ئەوانەی وەكو تۆش بیردەكەنەوە قوڕمیشكراون و میسداقیەتان لەناو جڤاك لەدەستداوە، ئێستا هاتووی دەتەوێت بەپینە و پەڕۆكردن كێشەكان سەرەو بن بكەیت و باسی عەدالەتی سەرۆكی حكومەتەكەتم بۆ بكەیت، كە وێنایەكی جوان و بێ جیاوازی  لەنێوان شار و شارۆچكەكان تۆماركردووە، كاكی پەرلەمانتار ئەو جۆرە لێدوان و نووسین و قسەكردنە، بۆ ئەمڕۆی دونیای مۆدێرن زۆر دەمێكە لە زۆنی سەوز گوێگر و لایەنگری نەماوە، ئەوە ئێوەی قوڕمیشكراو و بێدەنگ كراون جگە لە چەواشەكردن و شاردنەوەی ڕاستیەكان هیچ نازانن.

یەكێتی بەدرێژایی مێژوو سەلماندوویەتی چ لەڕووی خزمەتگوزارییەوە چ لەڕووی ئازادی ڕادەربڕین و چ لەڕووی دیموكراسییەوە، كاكی پارلەمانتار ئەوە جیاوازیەكانن،دەمەوێت پێتان بڵێم جەنابتان ژیرانە بیربكەنەوە و بەراوردێك بكەن لەنێوان زۆنی سەوز و زۆنی زەرد، دڵنیا لەوەی ئەو ڕاستیە دەزانیت كە زۆنی سەوز ژیانێكی ئاسودەتر و خۆشتر و ئازادانەتر و دیموكراسیانەتری تێدا بەرجەستەیە.  

 ئێستا بەچ حەقێك ڕێگە بەخۆت و ئەوانەی ئەمسالی خۆتن قسە لەسەر جیاوازییەكان و سلێمانی دەكەن ؟ بەچی حەقێك وێنایەكی تەندروست و باسی عەدالەتی سەرۆكی حكومەت دەكەیت ؟ دیارە دەمێكە ئەوەتا یان توانای ووتنی ڕاستیەكانت نییە، یاخود ئەوەیە، بەرژەوەندیەخودیەكانتان دەكەوێتە مەترسی و ئێوەش دەچنە خانەی لەبیرچوان، بەڵێ كاكی پەرلەمانتار جیاوازیەكان ئاسمان و ڕێسمانیان جیاوازە.   

كاكی پەرلەمانتار ئەوە ئێوەن یاخود سەرۆكی حكومەتەكەتانە هاتووە بەشەش سەعات و بیست و چوار سەعات، لەماڵەكەی خۆی لەگەڵ خوێندكارانی ناڕازی دانیشتوون و خەمی چارەسەركردنی ئاڵنگاریەكانیان دەخۆوات، ئەوە ئێوەن كێشەی ژینگپارێزان و هاوكاری و پشتیوانی نەخۆشخانەی هیوا و كەرتی تەندروستی و نۆژەنكردنەوەی زانكۆ و پەیمانگاكانتان لەزۆنی سەوز گرتە ئەستۆ و جێبەجێتان كرد ؟ سەرەڕای ئەوەی ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر بەپلان و بەرنامە كێشەكان لە زۆنی سەوز قوڵتر و ئاڵۆزتر دەكەن، ئێستا بەچ حەقێك بەچ عەقڵیەتێك ڕێگە بەخۆت دەدەیت و میكیاج بۆ حكومەت دەكەیت كە بووەتە فریادڕەس و خەمخۆری هاونیشتمانیان و جیاوازی ناكات ؟
من لەتۆ دەپرسم ئەگەر ئەوانە ناعەدالەتی و پشتگوێخستنی خزمەتگوزارییەكانی سەرۆكی حكومەت نەبن لەزۆنی سەوز ئەی ناویان بنێین چی ؟   

 كاكی پەرلەمانتار بڕۆ بنج و بناوانی كێشەكان، جیاوازییەكان لەنێوان زۆنی سەوز و زۆنی زەرد، لە تەخشانكردن و پەخشانكردنی زەوییەوە بۆ داهات و بۆ ئازادی و دیموكراسی و عەدالەتی، بۆ ئەوەی ڕاستییەكان و حەقیقەتەكان ناوت ناوە پلەیەك و پلەدوو، كاكی پەرلەمانتار بەچاوی ڕاستەقینە ببینە، دەزانم تۆ نێچیرێكی دەستەمۆ و گوێڕایەڵیت، سلێمانی شاری جوانی و ئازادی و پێكەوەژیانە ؟ شاری  قوڕمیشكردنی خەڵك و  بێدەنگكردنی خەڵك نییە، بەزەبری هێز و توندوتیژی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە