کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

داود جندی: حکومەتی عیراق ئەرکی خۆی بەباشی بەرامبەر بە دۆسیەی ئاوارەکانی شنگال جێبەجێ نەکردووە

.

12:10 PM - 01/07/2022


داود جندی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی شنگالی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی چەند چادرێک لە کەمپی باجد کەندالای ئاوارەکانی شنگال بەیاننامەیەک بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە خەڵکی شنگال کرد کۆتایی بە ژیانی ئاوارەیی بێنن و بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە:
هاوخەمی و هاودەردی خۆمان بۆ ئەو 50 خێزانانەی کە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی کەمپی (باجد کەندالا)ی ئاوارەکانی شنگال دەردەبڕن.
پێمانوایە حکومەتی عیراق ئەرکی خۆی بەباشی بەرامبەر بە دۆسیەی ئاوارەکانی شنگال جێبەجێ نەکردووە و دەبێت حکومەت کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی خەڵکی شنگال کە نزیکەی هەشت ساڵە لە ژێر دلۆڤانی چادرەکاندا ژیانی بەسەر دەبەن و دۆخی گونجاو بۆیان بەردەست بکات بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانیان، هەروەها جەخت لە زەروورەتی زیاتر گرنگیدان بە دۆسیەی ئاوارەکان دەدەین لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و دابینکردنی چارەسەری بۆ نەهێشتنی ئەم ڕووداوانە.
بەم بۆنە خەمناکەوە داوا لە هەموویان دەکەین کە بە جدی دووبارە بیر لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان بکەن و کار بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بکەن.

داود جندی شێخ کالۆ
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لێپرسراوی مەڵبەندی 15ی ڕێکخستنی شنگال

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە