کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەستانی نەرێنی سەدرییەکان

.

10:24 AM - 21/06/2022

پەستانی نەرێنی سەدرییەکان

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لە كاری حزبی و سیاسیدا، دوو پێدراو هەیە، هەر جووڵەیەكی دیكە لە دەرەوەی ئەو دووانە هەڵەیە. یان ئەوەیە حزبی سیاسی بەشداری پێكهێنانی كابینەی وەزاری و حكومەت دەكات، یان بەرەیەك هەڵدەبژێرێت بەناوی بەرەی ئۆپۆزسیۆن، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە هەردوو بەرەكە بچێتە خزمەت هاووڵاتیانەوە، سێیەمیان دووركەوتنەوە و دابڕانی یەكجاری حزبە لە پرۆسەی سیاسی و مەرگی سیاسی حزبە. لەو روانگەیەی سەرەوە، ئەوەی سەید موقتەدا سەدر و كوتلەكەی لە ئەنجومەنی نوێنەران کردیان، هەڵەیەكی سیاسی و بوو، چونكە ئەو رێژە زۆرەی كورسی سەدرییەكان هی ئەوە نییە لە هەردوو بەرەی حكومەت و ئۆپۆزسیۆندا نەوەستیت و راستەوخۆ بچێتە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسی عیراقەوە و هیچ لینكێكی سیاسی و كارگێڕیی بەم كابینەیەوە نەمێنێت. ئەوەی سەید موقتەدا كردوویەتی و پێیوایە كارێكە لەپێناوی عیراق و پرۆسە سیاسیەكەیدا، نەك باش نییە، بەڵكو عیراق دەخاتەوە بەردەم دۆخێكی نائارام كە رەنگە جارێكی دیكە خۆپیشاندانەكانی عیراق شەقام و مەیدانەكانی عیراق پڕ بكەنەوە لە دروشمی جۆربەجۆر دژی حكومەت، ئەگەریش سەید موقتەدا لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بمایەتەوە دەیتوانی جارێكی دیكە شەقام بجوڵێنێتەوە و سەركردایەتی شەپۆلی تووڕەبوونی عیراقییەكان بكات، بەڵام بەو پێیەی ئەوان لە هیچ بەرەیەكیاندا نەوەستان، لە رووی سیاسییەوە هیچی دیكەی پێناكرێت، جگە لەوەی رەنگە بتوانێت وەك سەرمەشقێكی ئایینی و هەڵگری رۆحێكی باڵای شیعە وتار بدات. ئەم جووڵەیەی سەید موقتەدا کردوێتی ئیشكردنە بە هەمان ئەو یاسا فیزیاییەی كە دەڵێت «هەندێكجار پەستانی نەرێنی یەكسانە بە لێكەوتەی ئەرێنی»، سەید موقتەدا پێی وایە بەم پەستانە نەرێنییەی كە بەشداری هیچ بەرەیەك لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشی نەكردووە، لێكەوتەیەكی ئەرێنی دەبێت و رەنگە لایەنە بەشدارەكانی حكومەت ترسیان لە كشانەوەكەی هەبێت و زیاتر خزمەت بە گەل و وڵات بكەن، بەڵام لە راستیدا ئەمە نەك لێكەوتەی باش و ئەرێنی نابێت، بەڵكو لێكەوتەكەی ئەوەندە نەرێنی دەبێت كە رەنگە تەواوی پێكدادانە ناوخۆییەكانی عیراق بەرەو خراپتر و زیاتر ببات و لایەنەكانی پێكهێنەری كابینەی نوێی عیراق ترسیان لە لایەنێك نەمێنێت كە زۆرینەی ناو ئەنجومەنی نوێنەران بووە و رۆژانێك هەڵگری پرۆژەی زۆرینەی نیشتمانی بووە لە عیراق. ئەگەرچی هەوڵێك هەبوو بۆ پەشیمانكردنەوەی سەید موقتەدا و كوتلەكەی لە بڕیارەكەیان، بەڵام بە كۆبوونەوەی سەید موقتەدا لەگەڵ پەرلەمانتارەكانی لە حەنانە و پێداگری لەسەر كشانەوەكە، ئەو سیگناڵەی دابەدەستەوە كە لەلایەك زۆرینەی نیشتمانی ناتوانێت جێگای تەوافوق بگرێتەوە لە عیراقدا و ئەو پڕۆژەیە شكستی هێنا، لەلایەكی دیكەشەوە سەید موقتەدا زۆرینەیەكی شیعی نییە كە هەموو شەقامی شیعی بە دوای بڕیارەكەیدا رابكێشێت. بۆیە پەستانە نەرێنییەكەی سەید موقتەدا ئەوەندەی لێكەوتەی خراپی بۆسەر خۆی و پێگەی سیاسی رەوتەكەی دەبێت، هێندە كاریگەری بۆسەر پێكنەهێنانی كابینە نوێیەكەی عیراق نابێت، ئەوەشی لەلای سەید موقتەدا دەمێنێتەوە، تەنها شەقامە شیعییەكەی خۆیەتی بتوانێت بەكاری بهێنێت

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە