.
11:54 AM - 23/05/2022
گەلی كوردستان: ئەریوان ئەریوانی
دوێنێ سەر لە بەیانی بەرواری ٢٠٢٢/٠٥/٢٢ سەعات 9:20 دەقیقە لەسەر شەقامی ئامەد لەشاری دهۆک، لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی ژنێک لەنێو تەکسییەک کە خۆی و شۆفێرێک بوون بەر فیشەک دەدرێت و دەکوژرێت.
ژنەکە ناوی ( خێڵان احمد سعید)-ە گولـلەیەک بەر سەری دەکەوێت و دەستبەجێ گیانلەدەست دەدات، شۆفێری تەکسییەکەش کەناوی ( بۆتان احمد عویض)-ە بەهۆی شڵەژانیەوە ئۆتۆمبێلەکەی لەکۆنترۆڵی دەردەچێت و بەسەختی بریندار دەبێت
پۆلیسی دهۆک لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، ڕووداوەکە لە نزیک نەخۆشخانەی مازی بووە لەسەر ڕێگای جوتسایدی ئامەد، دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس دەشڵێت: لەکامێراکانی چاودێرییەوە دەردەکەوێت تاوانبارەکان سێ کەسن لەناو ئۆتۆمبێلێکی سەربازیدا و هەڵاتون.
پۆلیس ئەوەشیخستووەتەڕوو، لێکۆڵینەوە و بەدواداچونەکانمان لە ڕێگەی کامێرای چاودێری و ناسینەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکە و وێنەی بکوژەکان ئاشکرابوون و ناویان( هەرێم احمد عبداللە) و ( سەردار خدر رفیق )-ەو پاسەوانی بەرپرسێکی سەربازی ناوچەی سلێمانیە.
شۆفێرەکەش کە پلەی ملازمی ئاسایشی هەیە لە سلێمانی برای خێڵانە و ناوی ( سامان احمد سعید ) و کوڕی هەمان بەرپرسە سەربازییەکەیە.
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری گەلی كوردستاندا، کە کوڕی ئەو بەرپرسە شوێنەکەی ئاشکرایە و بۆ دەستگیرناکرێ، پۆلیس دەڵێت: باوکی خێڵان ڕەتیدەکاتەوە و ئامادەنییە بەهیچ جۆرێک کوڕەکەی ڕادەستی پۆلیس بکات، بەهۆی ئەوەی کەسی دەستەڵاتداری سەربازییە بە بیانوی ئەوەی کێشەکە کۆمەڵایەتییە و پەیوەندی بە پاککردنەوەی شەرەفەوەیە.
هاوكات پۆلیس بە پەیامنێرمانی ڕاگەیاندووە: کە کێشەکە کۆمەڵایەتیە و خێڵان و بۆتان یەکتریان خۆشویستووە و چەند جارێک ماڵی بۆتان چونەتە داوای خێڵان، بەڵام باوکی ڕازی نەبووە و بۆتان لەپێناو خۆشەویسیتەکەی ناچاربووە لەگەڵ خێڵان هەڵبێن، چونکە ترسی کوشتنی هەبووە.
ڕاپۆرتی پزیشکی دادەوەری دهۆکیش ئاماژە بەوەدەکات، کە خێڵان سکپڕبووە و لەئەنجامی پەلامارەکەش دوو فیشەکی بەرکەوتووە یەکیان بەسەری و دانەیەکیش بەر شانی کەوتووە.
شایانی باسە پەیامنێرمان دەڵێت، تەرمی خێڵان تا ئێستا لە پزیشیکی دادوەرییە و کەسوکارەکەی کە خەڵکی سلێمانین، ئامادەنین تەرمەکە وەرگرنەوە تا تۆڵەی ئابڕویان نەکەنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە